زاری كرمانجی- سۆران:
بەمەبەستی چاودێری كردن و بەدواداچوون بۆ ئەو شوێنانەی سیستەمی غازی شل بەكاردەهێنن، لیژنەیەكی تایبەتمەند پێكهاتووەو چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەكات.
هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سۆران بە زاری كرمانجی گووت: ” دوای چەند كۆبوونەوەیەك بڕیار درا لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بۆ كار و باری ئیداری پێك بهێنرێت بۆ ئەوەی چاودێری و بەدواداچوون بۆ ئەو شوێنانە بكەن كە سیستەمی غازی شل بەكار دەهێنن”.
ئاماژەی بەوەشكرد: ” شوێنەكان دەبێ پابەندی ئەو رێنماییانە بن كە ئەو لیژنەیە بۆیان دیاری دەكات، بە پێچەوانەوە روبەڕووی لێپێچینەوە دەبنەوە”.
لای خۆیەوە مقەدەم بەیار باڵەكی وتەبێژی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران بە زاری گووت: ” بە پێی بەدواداچوونەكانمان ئێستا لە سنووری قەزای سۆران 62 هاووڵاتی سیسەمی غازی شلیان بۆ ماڵەكانیان بەستووە و كاری پێ دەكەن، هەروەها 22 شوێنی گشتی هەمان سیستەمیان بەستووە، لەوانەیە رێژەكە لەوەش زیاتر بێت”.
زیاتر روونیكردەوە: “تیمەكانمان سەردانی ئەو شوێن و ماڵانەیان كردووە و رێنمایی پێویستیان پێ داون و ئاگاداریان كردوونەتەوە لە هەر جۆرە كەمترە خەمییەك مەترسی بۆسەر گیانی خۆیان و هاووڵاتییان دەبێت، بۆیە لەهەر كەمتەر خەمییەك رووبەڕووی لێپێچینەوە دەكرێنەوە”.