بڕیاردرا بە خەرجکردنی تەواوی شایستە داراییە فەوتاوەکانی خانەنشینانی نوێی پێشمەرگە، بە شێوەیەک تا کاتی تەواوبوونی هەموو شایستە کۆنەکانیان، مانگانە دوو مووچە بەیەکەوە وەردەگرن.
حاجی مەلا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەندئەندامان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە زۆرینەی خانەنشینانی نوێ لە پەیڕۆڵی مانگی پێنجدا جێگیر کراون و هەر لەم مانگەوە دەست بە وەرگرتنی مووچەکانیان دەکەن، هەروەها ئەو سەدان خانەنشینە نوێیەش کە ناویان لە لیستە نوێیەکەی وەزارەتی داراییدایە، لە مانگی شەشەوە مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت.
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو مانگانەی کە بەهۆی تەواونەبوونی دۆسیەکانیانەوە مووچەیان فەوتابوو، بەڕێوەبەری گشتی مژدەی بە خانەنشینان دا کە جیاوازی مووچەی هەموو ئەو مانگانەی پێشتریان بۆ خەرج دەکرێت کە ناویان لە سیستەمی بەغدا جێگیر بووە.
بۆ ئەم مەبەستەش میکانیزمێکی تایبەت پەیڕەو دەکرێت، بە جۆرێک لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچەدا مانگێک بە دوو مانگ مووچەیان پێدەدرێت تا ئەو کاتەی هەموو شایستە کۆنەکانیان بە تەواوەتی وەردەگرنەوە.
































































