مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئیمارات نیگەرانە لەو هێرشانەی كە لە ناو خاكی عێراقەوە بەرامبەر بە وڵاتانی كەنداوی عەرەبی ئەنجام دەدرێت و داوا لە حكومەتی عێراق دەكات بە خێرایی ڕێگری لەو هێرشانە بكات .
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە ڕاگەیاندراوێكدا نیگەرانی و بێزاری خۆی لەو هێرشانەی كە لە ناو خاكی عێراقەوە دەكرێنە سەر وڵاتانی كەنداو ڕاگەیاند و دەشڵێت “ئەو درۆنەی كە ڕۆژی یەكشەممە وێستگەی كارەبای ناوەكی “بەرەكە”ی وڵاتەكەمانی كردە ئامانج، لە خاكی عێراقەوە هەڵدراوە.”
هاوكات، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بانگهێشتی جێگری باڵیۆزی عێراقی لە ئەبووزەبی كردووە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی خۆیان سەبارەت بەو دۆخە دەرببڕن.
ئیمارات هێرشەكانی سەر وڵاتەكەی و وڵاتانی دیكەی كەنداوی عەرەبی، بە تیرۆریستی ناو دەبات و گرووپە چەكدارە عێراقییە هاوپەیمانەكانی ئێرانیش بە ئەنجامدانیان تۆمەتبار دەكات.
































































