قایمقامی قەزای چۆمان : ئەو هاووڵاتییانەی خانووەكانیان تاپۆ نەكردووە لە داهاتوودا تووشی كیشە دەبن
ڕۆژان قیاس – زاری كرمانجی :
لە قەزای چۆمان كەمترین داواكاری بۆ تاپۆكردنی خانوو پێشكەشكراوە و لە كۆی 4500 خانوو تەنیا 1200 كەس داوای تاپۆكردنی موڵكەكانیان كردووە، قایمقامی قەزاكەش بۆ زاری كرمانجی دەڵێ وادەی تاپۆكردنی خانووبەرە كۆتایی پێ هاتووە.
لەم بارەیەوە سوارە ئەحمەد قایمقامی قەزای چۆمان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” وادەی تاپۆ كردنی خانووبەرە كۆتایی پێ هاتووە، بەڵام ڕێژەیەكی زۆر كەمی هاووڵاتییان، داواكاری تاپۆكردنی خانووەكانیان پێشكەش كردووە،”
قایمقامی چۆمان باس لەوەش دەكات بە هەموو جۆرێك هاووڵاتییان ئاگادار كراونەتەوە، بەڵام وەك پێویست بە پیر داواكاری ئەوان نەهاتوون و دەڵێ:” بەهەموو شێوەیەك هاووڵاتییانمان ئاگادار كردووەتەوە، تەنانەت ئاگادار كردنەوەی تایبەت بۆ هەر هاووڵاتییەك نێردراوەتە ماڵەوە بۆ ئەوەی سوودمەند بن لەو ئۆفەرەی كە حكومەت دایناوە بۆ تاپۆكردنی خانووبەرەكانیان، چونكە ئەو ئۆفەرەی دانرابوو ئاسانكارییەكی گەورە بوو بۆ هاووڵاتییان و نرخی تاپۆ كردن زۆر كەم كرابووەوە”.
سوارە ئەحمەد، گوتیشی:” ئەو هاووڵاتییانەی خانووەكانیان تاپۆ نەكردووە لە داهاتوودا تووشی كیشە دەبن”.