” ئەمساڵ 30پڕۆژەی گرنگ لە سنوورەكەمان جێبەجێكراون ”
پشتیوان كەریم- دیانا
لە دیدارێكی تایبەتی زاری كرمانجیدا، فەرزنگ ئەحمەد لاوكە، بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، باس لە ئەنجامدانی دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەكەی دەكات، هاوكات هێما بۆ رێگەگرتن لە پرسی زێدەڕۆیش دەكات، ئاماژەش بە چەند پرسێكی دیكەی پەیوەست بە سنووری ناحیەی دیانا دەكات و لە رێگەی زاری كرمانجیەوە دەخاتەڕوو.
لە دەستپێكی قسەكانیدا، فەرزنگ ئەحمەد لاوكە، بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، دەڵێت:” لە ئەمساڵدا نزیكەی 30 پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرنگ لە سنووری دیانا جێبەجێكراون، لە هەریەك لە گوندەكانی هاودیان، دێڵزیان، بادلیان، بەستنەوەی رێگای سەرچاوە بە ئازادی و قیرتاوكردن و كۆنكرێتكردنی شەقام كۆڵانەكان و دانانی ئاوەڕۆ و كربستۆنكردن، هەروەها چەندین پڕۆژەیەكی دیكەی خزمەتگوزاری لە كەرتەكانی كارەبا و ئاودا لە ئەمساڵدا ئەنجامدراون و بەشی زۆری پڕۆژەكانیش لە بواری رێگا و بان بووە.
فەرزەنگ ئەحمەد، ئاماژەشی بەوەدا:” تەنها لە ئەمساڵدا بەگوژمەی 900 ملیۆن دینار پڕۆژەی ئاو، لە سنووری دیانا جێبەجێكراون، وەك فراوانكردنی تۆڕەكان و لێدانی بیری ئاو، كە بەگوژمەی 229 ملیۆن دینار لە كەورین و 17 ملیۆن دینار لە باڵەكیان، هەروەها 67 ملیۆن دینار لە مەجیداوە و 57 ملیۆن سەنتەری ناحیە، بە گوژمەی 528 ملیۆن دیناریش هەریەك لە گوندەكانی هەسنان و سیتكان پڕۆژەی ئاویان لێ جێبەجێ كراوە، ئەمە لە كاتێكدایە لە سەنتەری ناحیەش پڕۆژەمان هەبووە.
لە بارەی پرسی زێدەڕۆیش، بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، ئاشكرای كرد:” زێدەڕۆی لە تەواوی كوردستان بوونی هەیە، بەداخەوە تا ئێستا بە ریشەیی بنبڕ نەكراوە، لە سنووری ناحیەی دیاناش وەك تەواوی شار و شارۆچكەكان زێدەڕۆی بوونی هەیە، هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ رێگری كردن، بە رێژەیەكی باشیش كەم بۆ تەوە، هاوكات لە سنووری ناحیەی دیانا لە نەخشەی 22 كە نزیكەی 200 پارچە زەوی لە خۆ دەگرێت و زۆربەیان زێدەرۆیان لەسەر كراوە، چەندین ساڵیشە گرفتی زێدەڕۆی لەو نەخشەیە بوونی هەیە و چارەسەر نەكراوە، بۆئەو مەبەستە هەوڵ هەیە لە ئاستی باڵا لیژنەیەك پێكبهێندرێت بۆ یەكلا كردنەوەی ئەم پرسە، بەپێی زانیارییەكانمان لیژنەكە لە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكی دیوان و شارەوانی پێك دەهێندرێت و كە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆرانیش ئەندام دەبێت، ئومێدەوارین لە داهاتووەكی نزیك ئەم پرسە بە تەواوی و بەڕیشەی چارەسەر بكرێت، هەوڵی تەواویش دەدەین تا چارەسەر كردنی گرفتی ئەو زەویانە، رێگری بكەین لە زێدەڕۆی .
روونی دەكاتەوە:” پێویستە بۆ ئەنجام دانی پڕۆژە پێش هاتنی وەرزی بەهار ئامادە بكرێت بۆ ئەوەی نەگاتە وەرزی زستان و سەرما، بەڵام لای هەمووان روونە ئەنجام دانی پڕۆژەش كاتی پێویستە، هەندێك پڕۆژە هەن ماوەیان زۆر پێویستەو بەمەش دەكەونە نزیك وەرزی زستان، هەندێك پڕۆژەی بچووك و مامناوەندیش هەن لەو وادەیەی كە بۆیان دیاریكراوە كۆتایان پێدێت، بەڵام هەندێك جار ئاستەنگ دروست دەبێت بۆیە كاتی زیاتریان پێویستە بۆ تەواو بوونی، هەموو هەوڵی خۆشمانداوە پێش هاتنی وەرزی زستان پڕۆژەكان تەواو بكرێت بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ هاووڵاتییان و دانیشتوانی دروست نەبێت.
فەرزەنگ ئەحمەد لاوكە، بەڕێوەبەری ناحیەی دیانا، دووپاتی كردەوە:” كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی فراوان پڕۆژەی خزمەت گوزاری لە شار و شارۆچكەكان جێبەجێ كردووە، كە لە مێژوودا هێندەی ئەم كابینەیە كار و پڕۆژەی لەم شێوەییە نەكراوە، لەگەڵ دروستبوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرنگ لە هەموو بوارەكان جێبەجێ كراون كە لە ئاست داواكاری خەڵك و دانیشتوانان بووە، ئەمەش جێگای دەستخۆشیە و بە تایبەت بۆ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەردەوام هەوڵی رژدی داوە بۆ ئەنجام دانی چاكسازی و پڕۆژەی خزمەت گوزاری لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم كە لە تەواوی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان و قەزاو ناحیەو گوندەكان پڕۆژە كراون.
گووتیشی:” لە ماوەی یەك ساڵیشدا لە سنووری ناحیەی دیانا بە گوژمەی حەوت ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری ئەنجام دراوە، كە دەیان پڕۆژەی گرینگی لە خۆگرتبوون و كۆی پڕۆژەكانیش %80ی كارەكانی تەواو كراون، وەك بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی دیاناش بەردەوام دەبین لە ئەنجام دانی دەرخستەی نوێ بۆ سنووری ناحیەكەمان و بەرزیان دەكەینەوە بۆ ئیدارەی سۆران بۆ ئەوەی لە ساڵی ئایندە بخرێنە واری جێبەجێكردنەوە.