لە دانیشتنێکی کۆنگرێسی ئەمەریکادا، پرسی بەردەوامیی هاوکارییە سەربازییەکان بۆ پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق تاووتوێ کرا. مایک تێرنەر، ئەندامی کۆنگرێس، بە ئاماژەدان بە قارەمانێتیی هێزەکان لە تێکشکاندنی داعش، نیگەرانیی خۆی لە هەر جۆرە کەمکردنەوەیەکی بودجەی پڕچەککردنی ئەم هێزانە نیشان دا.
لە بەرامبەردا، دان زیمەرمان، یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمەریکا، بەرزترین ئاستی پێزانینی واشنتۆنی بۆ پێشمەرگە دەربڕی. زیمەرمان جەختی کردەوە کە بۆ ئەمەریکا زۆر قورسە هاوبەشێکی بەتواناتر و ئامادەتر لە کورد و پێشمەرگە بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی شانبەشانیان لە مەیدانی جەنگدا کار بکەن.
زیمەرمان هۆشداری دا لە پەرەسەندنی میلیشیاکان و ڕایگەیاند، ئەم دۆخە بایەخی هاوبەشیی ئەمنیی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستانی زیاتر کردووە. ئەو پێی وایە کورد بە کردار سەلماندوویەتی کە هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و دەبێت هاوکارییەکان بەردەوام بن.






























































