لقی سۆران ـی یەكێتی لەشجوانی دەكرێتەوە
ئەندامێكی لقەكە “ناهێڵین چیتر بە نایاسایی هۆڵەكان بەڕێوەببرێن”
سەردار قازی ـ سۆران:
لەچەند رۆژی رابردوو هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی كرد، كە خاوەن هۆڵ و راهێنەرانی لەشجوانی دەڤەرەكە تێیدا بەشداربوون.
خاوەن هۆڵ و راهێنەرانی هەرچوار قەزاكانی ”سۆران، رواندز، مێرگەسوور و چۆمان“ بەمەبەستی گەیاندنی داواكاری تەواوی وەرزشوانانی لەشجوانی، بۆ ئەوەی نووسینگەی سۆرانی یەكێتی ئۆلۆمپی عێراق بكرێتەوە.
بەگوێرەی زانیاری، سەرپەرشیاری ئیدارەی سۆران، داواكارییەكەی پەسەند كردووە، دوای گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕكردنی داواكاریەكان بۆ بایەخدان بەو دەڤەرە و لەبەرچاوگرتنی ئایندەی وەرزش لەدەڤەر. چەند بڕیارێكی ئیجابی دران.
ئیبراهیم رەشكە، یەكێك دەبێت لەسەرپەرشیارانی لقەكە، وردەكاری كۆبونەوەكە دەخاتەروو: “ئێمە وەك راهێنەران و خاوەن هۆڵەكانی لەش جوانی و هونەرە جەنگیەكان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە رێكەوتی (۲۳/١١/٢٠٢٢) بە سەردانێكمان بۆ لای بەرێز هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سازدا، و داواكاریەكمان ئاراستەی بەڕێزیان كرد بەمەبەستی هەنگاونان بۆ بەرەو پێشڤەچوونی یاریی لەش جوانی و هونەرە جەنگییەكان لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كە رواندز، مێرگەسور، چۆمان و سۆران لە خۆدەگرێ.”
رەشكە، درێژە بەئاخاوتنەكانی دەدات: “نزیكەی ۳٤ هۆڵ لەم سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەن، و خزمەت دەكەن بۆ هاندانی هاووڵاتیان لەپای سەرخستنی كێش و داخستنی كێش، بوونی لەش و لارێكی جوان بەگشتیی و فیتنس بۆ خانمان و هونەرە جەنگییە جیاوازەكان. ئێمە لە دیداری هەڵگورد شێخ نەجیب، داوامان كرد كە هاوكارمان بێت بۆ كردنەوەی نوێنەرایەتی ئۆڵۆمپی یەكێتییەكانی عێراق بە هاوكاری نوێنەراتیە فەرعیەكانی هەولێر، بۆ ئەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بتوانێ وەك هەموو شارەكانی دیكەی عێراق پارێزگاری لە مافەكانی وەرزشوانانی خۆی بكات و بتوانێ یاریزانەكانی پێشكەوتوەكانی وەك شارەكانی عێراق بە جیهان بناسێنیت. چوون ئێمە ئێستا لەم هەلە بێبەش كراوین ناتوانین وەك ئیدارەی سۆران و بەناوی سۆران بەشداری هیچ خول و پاڵەوانێتیەك بكەین، دەبێت بچین بۆ هەولێر داوا لە هۆڵەكانی ئەوێ بكەین ئەوەی یاریزانەكانمان بتوانن بەشداربن لەسەر ناوی هۆڵەكانی هەولێر.”
ئیبراهیم، هەڵوێستی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەخاتەروو: “بەڕێزیان وەك هەمیشە هاتەسەر هێڵ و بڕیاری دا هاوكارمان بیت بۆ كردنەوەی نوێنەرایەتیەكەو زۆر سوپاسی دەكەین.”
ئەو راهێنەرە پلانی یەكێتییەكە باس دەكات: “ئێمە پلانی باشمان داناوە بۆ داهاتوو بە هاوكاری خاوەن هۆڵەكان و سەرجەم راهێنەرەكان لەم سنورە چالاكی جیا جیامان دەبێ بۆ سەرخستنی گشت بوارەكانی وەرزشی لەم سنورە بەتایبەتی وەرزشە تاكەكان، بەشێك لەپلانەكانمان لەم چەند خاڵە چڕ دەبنەوە:-
- دانانی لێژنەی تایبەت بۆ سەرپەرشتی كردنی هۆلەكان بە شێوەی زانستی و لێهاتوویی بێت بۆ ئەوەی بتوانین هۆڵە باشەكان و هۆڵە خراپەكان لێك جیا بكەینەوە.
- هەوڵدەدەین خزمەتی جیاواز پێشكەش بكەین، بۆ كۆكردنەوەی گەنجانمان و راكێشانیان بۆ نێو هۆڵە وەرزشییەكان، و دوركەوتنەوەیان لە كایە خراپەكانی ژیان. لە ئێستا دا لە گشت هۆڵەكانی سنورەكەمان نزیكەی 1700 وەرزشوانمان هەن، كە زۆربەیان خواستی زۆریان هەیە بۆ بەشداری كردن لە پاڵەوانێتیە نێودەوڵەتییەكان. كردنەوەی ئەم لقە لە ئیدارەی سۆران هەنگاویكی گەورەیە بۆ گەیشتن بەم ئاواتانە.
- لە ژێر رۆشنایی بەرێوەبەرایەتی وەرزشی سۆران پڕۆژەمان هەیە بە دانانی سندوقێك بۆ كۆكردنەوەی داهاتی هۆڵەكان و وەرزشوانان بۆ چاڵاكیەكانی نێوەخۆی سۆران و هەرێم، بەمەبەستی بەشداریكردن لە خولەكان و پاڵەوانێتیە تایبەتەكانی بە زانیاری لەشجوانی.
- هۆڵەكان رێك دەخەین و رێگە بە هیچ هۆڵێك نادرێت سەرپێچی یاساكان بكات و ئیجرائاتی یاسایمان دەبیت و هەموو وەرزشوانان لە یەك بازنە كۆ دەكەینەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكەین، هاوكات لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا هەوڵ دەدەین گشت هۆڵەكان زیاتر لە یەك نزیك ببن بە شێوازی وۆرك شۆپ و كۆبونەوە بۆ ئەوەی رای جیاواز ئاڵوگۆر بكەین لە پێناو داهاتوویەكی شكۆدار و سەركەوتوو لە بەڕێوەبردن بۆ گەیشتن بە ئاواتەكانمان كە بایەخدانە بە نەوەیەكی نوێ لە بواری وەرزشی، بە شێوازی ئاكادیمی و پروفێشناڵ لەسەر ئاستی هەرێم و نێودەوڵەتی.”
سامان خدر، یاریزانێكی دێرینی لەشجوانیە و یەكێك لەوانەی خاوەنی بیرۆكەی كردنەوەی لقی سۆرانی یەكێتی لەشجوانی بووە، باسی هەندێك وردەكاری دیكەی ئامانجەكەیان دەكات: “ئەو تیمەی ئێستا لە سنوری سۆران كار بۆ دامەزراندنی نوێنەرایەتی لیژنەی ئۆڵۆمپی دەكات، هیچ مەرامێكی كەسی لە پشت نیە، ئامانجی ئێمە تەنها ئەوەیە كە بەڕاستی خەریكە لە كوردستان بەگشتیی و ئیدارەی سۆران بەتایبەتی، یاریی لەش جوانی ناشرین دەكرێ. لە هەندێ هۆڵ هۆڕمۆنات وەك و كێك و نەستەلەی لێهاتووە وە دەدرێ بە هەندێ یاریزان، كە پێویست نیە بەكاری بهێنێ، چونكە یاریزان تا تەمەنی 18 و 20، گەشەی ئێسكی بەردەوامە، كە روودەكاتە هۆڵیش دوو هێندە گەشە زیاد دەكات، چونكە رێژەی هورمونی خۆی زیاتر چالاك دەبێ و لەشی زیاتر گەشە دەكات. جا مەبەستی ئێمەش ئەوەیە بەڕاستی رێگری بكەین لەم جۆرە كارانە، كە دەبنە هۆێ نەزۆكی یاریزان و قەلەق بون لە ژیانی ئاسایی.”
سامان، درێژەی پێدەدات: “پڕۆتین، دەرمان نیە بەڵكو تەواوكەری خۆراكییە، رێگە پێدراوە هەموو یاریزانك بەكاری بهێنێت. دەمانەوێ هۆڵەكان رێك بخەین، زیاتر پەرە بە بواری وەرزشی لەشجوانی بدەین لەم سنورە و ئیدارەی سۆران بەگشتی.”
ئەو یاریزانە دێرینە دەشڵێت: “ئەم ئەركەی ئێمە پێ هەڵساوین ئەركێكی زۆر قورسە، چونكە بەرپرسیاریەتی تێدایە دەبێ چاودێریكی زۆر چڕی هۆڵەكان بكرێ بۆ ئەوەی كاری نایاسایی لە هۆڵەكان بنبڕ بكرێن، هاوكات سەروو ۱٦ رێگە پێدراوە بێتە هۆڵی لەش جوانی، خوار ئەم تەمەنە بەنایاسایی هەژمار دەكرێت.”
زاری كرمانجی زانیویەتی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران تێبینی و رێنماییەكانی پێداون، و دواتر پشتیوانی تەواوی خۆی پیشانداوە، كە بایەخ بە وەرزشوانانی دەڤەرەكە دەدات و ئەو نووسینگەیەی بەگرنگ وەسفكرد و هەوڵی پەلەكردنیشی لەرێكاری رۆتینیاتە ئیدارییەكانیدا.بەمەیش لقی سۆران ـی یەكێتی لەشجوانی دەكرێتەوە، و سەرپەرشتی هۆڵەكان دەكات و ساڵانە پاڵەوانێتی رێكدەخات.
لەو 34 هۆڵەی لە سنووی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەن 18 دانەیان دەكەونە سنووری قەزای ناوەندیی سۆران، تێیدا 12 هوڵی پیاوان و 6 هۆڵی خانمان لەخۆدەگرێت. 5 هۆڵیان دەكەونە سنووری قەزای مێرگەسوور، هاوكات 4 دانەیان لەرواندزن 2 هۆڵی پیاوان و 2 هۆڵی خانمان، قەزای چۆمان 3 هۆڵ لەخۆدەگرێت. جیاواز لەهۆڵەكانی هونەری جەنگی كە لەسۆران 12 هۆڵیان هەن، و دەكەونە ژێر ركێفی ئەم لیژنەیە.