قسەکردن لەسەر “دوو ئیدارەیی” تەنها وتەیەکی هەڵەی سیاسی نییە، بەڵکوو هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ چاندنی دووبەرەکی و لاوازکردنی هەستی نەتەوەیی لە ناخی خەڵکی کوردستان. ئەم گوتارە، بە تایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا، زیاتر لەوەی چارەسەر بێت، دەبێتە هۆی قوڵکردنەوەی قەیران و گەڕانەوە بۆ ئەو قۆناغانەی کە گەلەکەمان قوربانیی زۆری دا بۆ تێپەڕبوون لێیان.
ئەوانەی هەمیشە بە ناوی خوێنی شەهیدان و قوربانیی پێشمەرگە قسە دەکەن، چۆن دەتوانن هەمان کات بیر لە دابەشکردنی ئیدارەیی و سیاسیی کوردستان بکەن؟ ئەگەر بەڕاستی خوێنی شەهیدان هەوێنی یەکڕیزی و یەکدەنگییە، ئەوا باسکردنی دوو ئیدارەیی، غەدرێکە بەو خوێنە پاکانەی کە بۆ سەروەری و یەکگرتوویی کوردستان ڕژان.
هەموومان دەزانین کە هێشتا لە سنورێکی دیاریکراو شوێن ئاسەوار و سیمای دوو ئیدارەیی ماوە؛ لە دامەزراوەکاندا، لە هەڵسەنگاندنی کارمەنداندا، و لە شێوازی مامەڵەکردندا. زۆرجار مامۆستایەکی لێهاتوو یان پەرستارێکی دڵسۆز، نەک بە پێی شایستەیی، بەڵکوو بە پێی نزیکبوونەوەی سیاسی هەڵسەنگێندرێت. ئەمانە هەموویان بریندارن لەو بیرکردنەوە دووبەرەکییەی کە هێشتا لە هەندێک شوێن حوکمی دەکات. بەڵام چارەسەری ئەو کێشانە، فراوانکردنی دوو ئیدارەیی نییە، بەڵکوو بەهێزکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان و چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانییە.
لەم نێوەدا، ڕۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی وەک ڕابەرێکی نەتەوەیی، ڕۆڵێکی مێژوویی و گرینگە. سەرۆک مەسعود بارزانی هەمیشە لە پێناو پاراستنی یەکێتیی کوردستان و یەکخستنی گوتاری سیاسیی کوردی هەوڵی داوە. لە هەموو قۆناغە هەستیارەکاندا، بانگەوازی یەکڕیزی و دانیشتن لەسەر یەک مێزی کردووە و هەوڵی داوە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە ژێر چەتری سەروەری و بەرژەوەندیی باڵای نیشتمان کۆببنەوە.
ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک، کوردستان پێویستی بەو گوتارە نەتەوەیی و یەکگرتووە هەیە؛ گوتارێک کە لە ژێر چەتری سەروەری، کە چەتری سەرۆک مەسعود بارزانییە، هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆبکاتەوە و هەمووان بە هاوبەشی بەرگری لە یەکدەنگی و دیکە نەتەوەیی بکەن. چونکە هێزی کوردستان لە یەکگرتوویی خەڵک و هاوڕێیی هێزە سیاسییەکاندایە، نەک لە دابەشبوون و حزبیبووندا.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە زۆر قۆناغدا سەلماندوویەتی کە بەرژەوەندیی نیشتمان لەلای ئەوەوە لە هەر بەرژەوەندییەکی حزبی باڵاترە. هەر بۆیەش زۆرجار، کاتێک مەترسی لەسەر یەکێتیی ناوخۆیی یان سەروەریی کوردستان هەبووە، بە خۆی پێشەنگ بووە بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان و خامۆشکردنەوەی ئاگری ناکۆکییەکان.
ئێمە پێویستمان بەوەیە کە هەموو لایەنە سیاسییەکان، بێ جیاوازی، لە ژێر چەتری یەکگرتوویی نەتەوەیی کۆببنەوە و بزانن کە داهاتووی کوردستان بە یەکدەنگی دەپارێزرێت، نەک بە دابەشکردن. هەر دەنگێک کە هانی دوو ئیدارەیی بدات، بە ئاشکرا یان بە نهێنی، خزمەت بە دوژمنانی ئەم گەلە دەکات و هەنگاوێکە بۆ دواوە.
ئەرکی هەموومانە، لە سیاسی و ڕۆشنبیر و مامۆستا و جەماوەر، کە بەرامبەر ئەو گوتارانە بوەستینەوە و ڕێگا نەدەین دووبارە هەمان ئەزموونی تاڵ بەسەر گەلەکەماندا بسەپێندرێت. چونکە کوردستان بە یەکڕیزی و یەکدەنگی دەمێنێتەوە، نەک بە دوو ئیدارەیی






























































