سەردار قازی ـ زاری كرمانجی:
تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی بەرەو تەواو بوونە، بڕیاربوو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لە 1 ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بێتە ئەنجامدان، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی جددی بە ئاڕاستەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن نەنراوە.
هاوار محەممەد بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، وردەكاری دواكەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەخاتە بەر باس.
هاوار محەممەد، بەزاری كرمانجی گوت:” دوای دەرچوونی مەڕسومی سەرۆكایەتی هەرێم لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە 1ـی 10، هیچ مەڕسومێكی تر دەرنەكراوە بۆ دیاركردنی وادەیەكی دیكە. زەحمەتە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریی كراوی خۆی بكرێت”،
بەرپرسی بەشی یاسایی لەدەزگای هەڵبژاردنی پارتی گوتیشی:” هۆكارێكی دیكە نادیاری وادەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان، هەموار كردنەوەی یاساكەیەتی واتە تا ئێستا یاساكە بەگوێرەی خواستی لایەنە سیاسییەكان هەموار نەكراوەتەوە، هەروەها كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەكانیش كارا نەكراوەتەوە بۆ ئەوەی ئامادەسازییە پێویستەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەڕێوەببەن.”
هاوار ئەوەشی دەرخست، كە هیچ وادەیەك بۆ هەڵبژاردن دیاریی نەكراوە و بە ئەگەری زۆرەوە دوادەخرێت.
بەپێی مەرسومێك كە سەرۆكی هەرێم واژۆی لەسەركردووە، پێویستە 1-10-2022 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، بەڵام دەنگۆ هەیە كە لە شەش مانگ بۆ ساڵێك دوادەخرێت و بەشێوەی سیستەمی چوار بازنەیی جێگیر دەبێت.
30ـی 9 ـی 2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو. 59% ـی هاووڵاتییان بەشداریان لەدەنگداندا كرد، لەو هەڵبژاردنەدا 29 لیست بەشداری هەڵبژاردنیان كردوو لە ئەنجامدا 16 لیست توانیان كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن.