زاری كرمانجی-سۆران
شارەزایەکی کەشناسی هۆشداری لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەدات و ڕایدەگەیەنێت، سبەینێ شەپۆلێکی نوێی تاوەباران و هەورەبرووسکەی بەهێز بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هاوکات کەشناسیش زۆرترین بڕی بارانبارینی تۆمارکراوی ئاشکرا کرد.
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی، لە نوێترین زانیاریدا ڕایگەیاند: سبەی پێنجشەممە (٢١ی ئایاری ٢٠٢٦)، بەهۆی تێپەڕبوونی بارستەهەوایەکی سارد لە چینە بەرزەکانی بەرگەهەوادا، لە کاتەکانی بەیانییەوە دۆخێکی ناسەقامگیری کەشوهەوا ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە. شەپۆلەکە سەرەتا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پارێزگای دهۆکەوە دەست پێدەکات، کە تیایدا ئەگەری بارینی تاوەبارانی بەخوڕ و دروستبوونی هەورەبرووسکەی بەهێز لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو پارێزگایەدا هەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ ئێوارەی هەمان ڕۆژ، کاریگەریی ئەم کەشە ناجێگیرە فراوانتر دەبێت و درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین.






























































