ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سۆران، لە لێدوانێکی تایبەت بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند، “پێش جەژن چاودێرییەکانمان بۆ سەر بازاڕ چڕتر کردووەتەوە و کۆنتڕۆڵی نرخ و کواڵیتی کاڵاکان دەکەین، دەشڵێت، خۆشبەختانە سەرپێچییەکان کەمن”
ئەمڕۆ، ڕێکەوتی ٢٠ـی ئایاری ٢٠٢٦، وەفا سەعیدخان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی چاودێری بازرگانی سۆران لەبارەی چاودێرییان بۆ نرخ و کواڵیتی بازاڕ زانیاری خستەڕوو و گوتی، “ڕۆژانە تیمەکانمان لەڕێی سەردانە مەیدانییەکانی بۆ نێو بازاڕی شاری سۆران ڕێنمایی تایبەت دەدەنە فرۆشیارەکان سەبارەت بە نرخ و کواڵیتی شتومەکەکان. ئەمەش بە ئامانجی ڕێگری کردن لە قۆڕخکردنی بازاڕ”.
ناوبراو گوتیشی، “لە ئێستادا بازاڕی گۆشت فرۆشان و مریشک فرۆشانمان تەواو کردووە و ڕێنمایی تەواویان پێدراوە، هاوکات چاودێرییەکانمان لەسەر بەرهەمی جۆراوجۆرە بە تایبەت ئەو کاڵا و بەرهەمانەی پێش جەژن خواستی زۆری هاووڵاتییانیان لەسەرە وەک گۆشت و چەرەزات”.
وەفا سەعیدخان، لە درێژەی لێدوانەکەی ئاماژەی بەوەش دا، “سەرپێچی فرۆشیاران لەڕووی بەرزکردنەوەی نرخی شتومەکەکان یان فرۆشتی کاڵای بەسەرچوو، سزای بەدواوە دێت. هەرچەندە جێگەی دڵخۆشیە لە ئێستادا فرۆشیاران پەیڕەوی ڕێنماییەکان دەکەن و سەرپێچییەکان کەمن”.































































