ڕێناس هاشم ستونی
میدیای نوێ هەموو پلاتفۆرمەکانی ڕاگەیاندن، وەک فەیسبووک، ئینستاگرام، تیکتۆک، ڤایبەر و هتد دەگرێتەوە. لەگەڵ پێشکەوتنی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، میدیای نوێ بەهۆی ئەو گوڕانە خێرایەی تێیدا ڕوودەدات، بووەتە هۆی ئاژاوەی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی، و هەروەها نەبوونی بەرپرسیارتی کومەڵایەتی.
ئەو ئازادییەی میدیا لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، لە زۆربەی وڵاتاندا بوونی نییە، بە تایبەتی لە هەندێک وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا، کە تیۆرێک هەیە بە ناوی «تیۆری بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی». واتە بلاوکردنەوەی زانیاریەکان دەبێت بە گوێرەی بهای ئەخلاقی و بەرپرسیارەتی کۆمەڵایەتی بێت، و ئەو زانیارییانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، بلاو ناکرێنەوە. هەروەها ڕەچاوی بهای ئەخلاقی و ئیتیک دەکرێت.
لە وڵاتە سۆشیالیستییەکاندا «تیۆری دەسەڵات» هەیە روژنامە و میدیا لە خزمەتی دەسەلات دا بێت،بەڵام ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، ئازادییەکی بێ سنوورە، یان دەتوانین پێی بڵێین «پێچەوانەی هەموو تیۆرەکانی ڕاگەیاندنە». چونکە میدیای کوردی و سۆشیال میدیا چووەتە ناو ژیانی تایبەتی تاکەکان و هەموو سنوورە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانی بەزاندووە.
وێنە و ڤیدیۆ بەبێ ئەوەی ڕەچاوی بنەماکانی ئیتیک، بهای کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی بکرێت، بلاو دەکرێنەوە. ئەگەر چاو بەخشێنینەوە بە هەموو ئەو دەزگا، پەیج و ئەکاونتانەی کە بەبێ هیچ سانسورێک و بەبێ بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی شت بلاو دەکەنەوە، دەبینین زۆرجار ئەو بابەتانە لەگەڵ داب و نەریت و بهای ئەخلاقییەکان ناگونجێن، و ڕەچاوی باری دەروونی وەرگر ناکرێت.
لەو ئاژاوە میدیاییەدا تاکەکان دەبنە قوربانی. زۆرجار میدیا و سۆشیال میدیا بەبێ بوونی سەرچاوەی باوەڕپێکراو، زانیاریی فەیک بلاو دەکەنەوە. ئەمەش خۆی دەبێتە هۆی چاوەشەکاری و هەڵخەڵەتاندنی وەرگر. وەرگریش ناتوانێت زانیاری ڕاست و فەیک لێک جیا بکاتەوە، و لە کۆتاییدا قوربانی دەبێت.
یەکێک لە مەترسییەکانی میدیای نوێ، هەبوونی ڕۆژنامەنووسی هاوڵاتییە.
- ڕۆژنامەنووسی هاوڵاتی کێیە؟
ئەو کەسەیە کە مۆبایلێکی بەردەستی هەیە، هەواڵ و زانیاری بە وێنە و ڤیدیۆ دەگرێت و بلاوی دەکاتەوە، بەبێ هیچ سانسورێک، یان بە دەزگاکانی میدیا دەدات. ئەو دەزگایانەش بەبێ هیچ بهایەکی ئەخلاقی و ئیتیکی، و بەبێ ڕەچاوکردنی باری دەروونی وەرگر، بابەتەکە بلاو دەکەنەوە.
بلاوکردنەوەی هەندێک زانیاری کە پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەییەوە هەیە، دەتوانێت ئاسایشی نەتەوە بخاتە مەترسییەوە؛ وەک نموونە لە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران یان شەڕی داعشدا. هەروەها بلاوکردنەوەی ئەو زانیارییانەی دەبنە هۆی لێکترازانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری.
کەواتە دەتوانین بەم ڕستەیە پێناسە بۆ میدیا و سۆشیال میدیا بکەین:
«بەکارهێنانی میدیای نوێ بە شێوەیەکی تەندروست، کۆمەڵگایەکی تەندروست بەرهەم دەهێنێت؛ بەکارهێنانی میدیای نوێ بە شێوەیەکی ناتەندروست، کۆمەڵگایەکی ناتەندروست بەرهەم دەهێنێت.» - مەترسییەکانی میدیای نوێ
*چوونە ناو ژیانی تایبەتی تاکەکان
*بەزاندنی هەموو بهای ئەخلاقی و ئیتیکییەکان
*بلاوکردنەوەی هەواڵی فەیک و ناراست
*نەبوونی سەرچاوەی باوەڕپێکراو
*بوونی ئازادیی بێ سنوور لە میدیای نوێدا
*ڕەچاو نەکردنی باری دەروونی تاکەکان
*هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی
- چۆنیەتی چارەسەرکردن
*هەموارکردنەوەی یاسای ڕۆژنامەنووسی
*دامەزراندنی کەسانی ئەکادیمی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن
*خوێندنی پەروەردەی میدیا لە قۆناغەکانی خوێندن
*دانانی سانسور بۆ سەر ئەو پەیج و ئەکاونتانەی کە زانیاری فەیک و چاوەشەکار بلاو دەکەنەوە
*ڕەچاوکردنی ئیتیک و بهای کۆمەڵایەتییەکان
*هەستکردنی میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسی هاوڵاتی بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی
جێبەجێکردنی پەیماننامەی شەرەف




























































