حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، لە یەکەم هەنگاوەکانیدا ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورەی دیپلۆماسی بووەتەوە. پاش هەڕەشەی بەردەوامی میلیشـ.ـیا چە*کدارەکان بۆ سەر خاکی سعوودیە، ڕیاز بە فەرمی هۆشداری داوە بە بەغدا کە ئەگەر هێرشی درۆنی لە ناو خاکی عێراقەوە بۆ سەر وڵاتەکەی بەردەوام بێت، تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ عێراق دەپچڕێنێت.
بەپێی زانیارییەکان، سعوودیە نامەیەکی توندی ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کردووە و تیایدا نیگەرانی قووڵی خۆی لە هێرشە تیر*ۆریستییەکان بۆ سەر ژێرخانی وڵاتەکەی دەربڕیوە. ئەم گرژییانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات هەبووە؛ بە جۆرێک محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە، بە تەلەفۆن پیرۆزبایی لە زەیدی نەکردووە و تەنها بە بروسکەیەک داوای دڵنیایی کردووە کە ڕێگری لە چالاکییە چەکدارییەکانی میلیشـ.ـیاکان بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، دۆخەکە کاریگەری کردووەتە سەر پەیوەندییە ئابوورییەکانیش، چونکە سعوودیە بۆ ماوەی مانگێکە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی هاریكاری عێراقی-سعوودی هەڵپەساردووە. لەسەر ئاستی ناوخۆش، ئەنجومەنی سیاسی سوننە داوا لە حکومەت دەکات بە پەلە شاندێک ڕەوانەی ڕیاز بکات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، پێش ئەوەی پەیوەندییەکان بگەنە بنبەست.




























































