ئاژانسی هەواڵی “فارس” ڕایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی کە باری غازی شلکراوەی (LPG) هەڵگرتبوو، توانیویەتی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا لە گەرووی هورمز تێپەڕێنێت و بە سەلامەتی لە بەندەری دوورگەی خارگ لەنگەر بگرێت، ئەمەش بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ تاران لە قەڵەم دەدرێت.
لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای کرد، تا ئێستا هێزەکانیان لە ناوچەکەدا توانیویانە ئاراستەی 84 کەشتیی بازرگانی بگۆڕن کە ویستوویانە گەمارۆکان بشکێنن و بچنە بەندەرەکانی ئێران، هەروەها 4 کەشتی دیکەشیان بە تەواوی پەکخستووە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ململانێ دەریاییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە گەرووی هورمز چڕتر بووەتەوە. ئەمەریکا بەردەوامە لە جێبەجێکردنی گەمارۆ چڕەکان، بەڵام ئێران بە بەکارهێنانی تاکتیکی جیاواز هەوڵ دەدات سنوورە دەریاییەکانی بشکێنێت و هاوردە و هەناردەی بازرگانی بەردەوام بکات.































































