مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هاووڵاتییەكی تەمەن 37 ساڵ، لە پارێزگای مێرسینی توركیا هاوژینی پێشووی و پێنج كەسی دیكە دەكوژێت و چەند كەسێكی دیكەش بریندار دەكات .
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووە “ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 18ـی 5ـی 2026، لە شارۆچكەی تارسوسیی پارێزگای مێرسین، (مەتین ئۆزتورك)ـی37 ساڵان، بە تفەنگی ڕاوكردن هاوژینی پێشووی (ئاڕزوو ئۆزدەن)ـی 32 ساڵان دەكوژێت و دواتریش بە هەڕەمەكی تەقە لە خەڵك دەكات و پێنج كەسی تر دەكوژێت و هەشتی دیكەش بریندار دەكات.”
ئاژانسەكانی DHA و IHA بڵاویان كردەوە “مەتین دوای كوشتنی هاوژینەكەی، دەچێتە نێو چێشتخانەیەك لە ناوچەی “تارسوس” و خاوەنی چێشتخانەكە و كارمەندێكی كوشتووە و لە كاتی ڕاكردنیشدا هەر لە ڕێگاوە تەقەی لە شوانێك و شۆفێرێكی بارهەڵگر كردووە و ئەوانیشی كوشتووە و هەشت كەسی دیكەشی بریندار كردووە كە دواتر یەكێك لە بریندارەكان گیانی لەدەستداوە.”
دەگوترێت هێرشبەرەكە لەو ماڵەی كە لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆ درابوو، كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە .
ئەم ڕووداوە لە كاتێكدایە كە مانگی ڕابردووش دوو هێرشی چەكداری لەلایەن مێردمنداڵانەوە لە توركیا ڕوویاندا؛ لە هێرشی یەكەمدا 16 كەس بریندار بوون و لە دووەمیشدا 10 كەس كوژران كە زۆربەیان قوتابی بوون.
بەگوێرەی ئاماری ڕێكخراوە ناحكومییەكان، ملیۆنان پارچە چەكی بێ مۆڵەت لە لایەن هاووڵاتییانەوە لە توركیا هەڵگیراون.































































