پڕۆسەی دامەزراندنی بانکی “نیشتمان” پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە و ئامادەکارییەکان بۆ دەستبەکاربوونی یەکجارەکی بانکەکە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتیار و ئەنجومەنی کارگێڕی بانکەکە، دوایین پێشهاتەکانی تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئامادەی بوو، ئاماژە بەوە درا کە سەرجەم پێداویستییە سەرەکییەکان لە دابینکردنی بینای گونجاو، دامەزراندنی ئەنجومەنی کارگێڕی و بنیادنانی ژێرخانی دارایی و ئەلیکترۆنی کۆتاییان هاتووە.
وەزیری دارایی وێڕای دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی تەواوی وەزارەتەکەی بۆ ئەم پڕۆژە نیشتمانییە، جەختی لەسەر بایەخی بانکەکە کردەوە لە ڕووی چاکسازی و بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکی و ڕوونیی دارایی لە هەرێمدا. هەروەها داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە خێراتر ڕێکارە یاسایی و هونەرییەکان تەواو بکەن تا لە نزیکترین کاتدا بانکەکە خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بکات.
ئەم بانکە کە مۆڵەتی فەرمی لە بانکی ناوەندی عێراق وەرگرتووە، بارەگای سەرەکی لە هەولێر دەبێت و لە ڕێگەی لقەکانیەوە لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، چەندان خزمەتگوزاری بانکی سەردەمیانە پێشکەش بە هاووڵاتییان، فەرمانبەران و بازرگانان دەکات.





























































