ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی ئایاری 2026، مەلامستەفا بارزانی لە شاری هەولێر بەشداریی لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتی کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری کۆریای باشوور کرد. ڕێوڕەسمەکە بە مەبەستی ڕاگەیاندنی دوو پڕۆژەی زانستی و ئەکادیمی و هەروەها ماڵئاوایی کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە ڕێکخرابوو.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە بە ئامادەبوونی “سیونگچۆڵ لیم” کونسوڵی گشتیی کۆریا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و دیپلۆماتکاران بەڕێوەچوو، بە فەرمی دەستپێکردنی پڕۆژەکانی “ئۆڵۆمپیادی ژیریی دەستکرد (AI Olympiad)” و “تۆڕی توێژینەوەی خوێندنی کۆری (K-Study Research Network)” ڕاگەیەندرا. ئەم پڕۆژانە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پەرەپێدانی توانای گەنجانی هەرێمی کوردستان لە بواری تەکنەلۆژیای سەردەم و بەهێزکردنی ژێرخانی زانستی هەژمار دەکرێن.
هەر لەو بۆنەیەدا، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان، وتارێکی ماڵئاوایی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ئاستی پەرەسەندنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی کۆریا لە ماوەی کارکردنیدا.
لای خۆیەوە، مەلامستەفا بارزانی پێزانینی خۆی بۆ هەوڵ و دڵسۆزییەکانی “سیونگچۆڵ لیم” دەربڕی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانی داهاتوویدا بۆ خواست. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوامبوونی ئەم جۆرە پڕۆژە زانستی و هاوبەشانە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر گەشەپێدانی مرۆیی و تەکنەلۆژی لە هەرێمی کوردستاندا.






























































