میدیاکانی ئەمریکا لە زاری بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپییەوە ئاشکرای دەکەن، کە واشنتن نوێترین پێشنیازی تارانی بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە “ناپێویست و ناپوخت” ناوبردووە و ڕەتیکردووەتەوە. ئەم هەڵوێستە توندەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە هۆشداری توند دەدرێت؛ ئەگەر دیپلۆماسی بگەاتە بنبەست، ئەوا “زمانێکی دیکە” دێتە ئاراوە.
ماڵپەڕی “ئەکسیۆس” بڵاویکردەوە، واشنتن پێشنیازە نوێکەی ئێران تەنیا وەک “گۆڕانکاریی تەکنیی بچووک” دەبینێت و پێی وایە هیچ هەنگاوێکی جدی تێدا نییە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
هەرچەندە تاران لە دەقە نوێیەکەدا جەختی کردووەتەوە کە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن: “دەقەکە بێبەشە لە پابەندیی ورد سەبارەت بە ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم یان دەستبەرداربوون لەو کۆگا گەورانەی یۆرانیۆمی پیتێنراو کە ئێستا تاران هەیەتی.”
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئەمریکا بە توندی ئەو دەنگۆیانەیان ڕەتکردەوە کە باس لە سووککردنی سزاکان دەکەن و ڕایانگەیاند: “هیچ سووککردنێکی سزاکان بەخۆڕایی و بێ بەرامبەر ڕوونادات”، تا تاران هەنگاوی هاوشێوە و کردەیی نەنێت.
دۆخەکە لە ئێستادا بە “زۆر مەترسیدار” وەسف دەکرێت. بەرپرسێکی ئەمریکی بە ڕاشکاوی هۆشداری داوە و دەڵێت: “ئێمە هیچ پێشکەوتنێکی ڕاستەقینە نابینین؛ ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا گفتوگۆکانی داهاتوومان لە ڕێگەی بۆمبەکانەوە دەبێت، کە ئەمەش شتێکی جێگەی داخ دەبێت.”
هاوکات ئاژانسی “ڕۆیتەرز” پشتڕاستی کردەوە کە واشنتن جارێکی دیکە دەرگای بەڕووی پێشنیازەکانی ئێراندا داخستووە و ئامادە نییە بەو مەرجانە بچێتە ناو هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکەوە.





























































