حازم بلەیی
دەنگدەری کوردستان بەگشتی و پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی، لە دوای لاوازبوون و پاشەکشەی بزووتنەوەی گۆڕان، بەدوای بەدیلێکی بەهێزدا دەگەڕان بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دژی حزبی دەسەڵات نیشان بدەن. لەم نێوەندەدا، جوڵانەوەی نەوەی نوێ توانی سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و متمانەی ئەو جەماوەرە ناڕازییە بەدەستبهێنێت کە نەیاندەویست دەنگ بە پارتەکانی دەسەڵات بدەن.
بەڵام پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییانە شۆکێکی گەورەی لای لایەنگرانی ئەم جوڵانەوەیە دروست کرد. ڕێککەوتنی نەوەی نوێ لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پێشکەشکردنی دەنگی لایەنگرانیان لە پێناو بەدەستهێنانی پۆستدا، وەک پاشەکشەیەکی ڕوون لە دروشمەکانی پێشوویان سەیر دەکرێت. ئەم هەنگاوە نیشانیدا کە هیچ حسابێک بۆ ویست و داواکارییەکانی دەنگدەرانیان نەکراوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی قورسی نیگەرانی و ناڕەزایەتی لە نێو جەماوەرەکەیاندا.
خاڵی هەرە سەرەکی کە کێشەکەی قووڵتر کردەوە، کاندیدکردنی (سروە عەبدولواحید) بوو بۆ وەزارەتی ژینگە. ئەم بڕیارە ئەو پرسیارە جدییەی لەلای هاووڵاتیان دروست کرد: ئایا لەنێو تەواوی کادیر و لایەنگرانی ئەو جوڵانەوەیەدا هیچ کەسێکی تر نەبوو کە شایستەتر بێت، جگە لە خوشکی سەرۆکی جوڵانەوەکە؟
ئەم جۆرە لە بڕیاردان و بەڕێوەبردن، نەوەی نوێ دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت و مەترسیدار. دەنگدەرانی سلێمانی کە هەمیشە بە دەنگدەری ناڕازی ناسراون، لەبەر نادادپەروەری و ئەدای حزبی دەسەڵات پشتیان لەوان کردبوو، ئێستاش کە هەمان مۆدێل لە نێو نەوەی نوێدا دەبینن، بێگومان بێدەنگ نابن.
چاوەڕوان دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، نەوەی نوێ باجێکی سیاسی قورس بدات. ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بن، دوور نییە چارەنووسیان وەک بزووتنەوەی گۆڕانی لێبێت و بەرەو کەمبوونەوەی ڕێژەی دەنگەکان و هەڵوەشاندنەوەی سیاسی هەنگاو بنێن، چونکە متمانەی جەماوەر کاتێک لەدەستچوو، گێڕانەوەی مەحاڵە.































































