ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
نووسراوێک لەلایەن وەزارەتی تەندروستی ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی دەکرێت بۆ لەنێوبردن و کشانەوەی جۆرە شیرێکی منداڵان لە بازاڕ. ڕاشیدەگەینێت، بە پێی پێوانەکانی عێڕاق نییە.
وەزارەتی تەندروستی لە نووسراوەکە ڕایدەگەینێت، شیرەکە شیری (Optilac)ـە کە لە چینە بەرهەم دێت. بەڵام بەپێی مادەی ١٥٩ـی خۆراکی عێڕاقی، هەر خۆراکێک شیرینی و شیری چینی تێدابێت قەدەغەن.
هەر بۆیە وەزارەتەکە داوای لەنێوبردنی هەموو ئەو شیرە چینییانە دەکات کە لە بازاڕەکاندان بەتایبەت شیری OPTILAC. هاوکات داوا دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان و قائمقامەکان هەماهەنگی بکەن بۆ کۆکردنەوە هەر جۆرە شیرێک لە بازاڕ کە لە چینەوە دێت و لە شیری چینی بەرهەم دێت.
ئەمەی خوارەوە ئاگادارییەکەی وەزارەتی تەندروستییە بۆ هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی لە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، راپەڕین، زاخۆ، کۆیە و سۆران و گەرمیان) کە د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی واژۆی پەسندکردنی لەسەر کردووە.































































