محەممەد مەحموود- سۆران :
بەهۆی گۆڕینی شێوازی سیستەمی چاپکردنی پسوولەی کارەبا، لەم دوو مانگە پسوولە بۆ هاوبەشانی کارەبا نەگەڕاوەتەوە، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سۆرانیش دەڵێت لە مانگی داهاتوو 30 ڕۆژ جارێک پسوولە بۆ هاوبەشان دەگەڕێتەوە.
ئەندازیار ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” دەربارەی دواکەوتنی پسوولەی وەرگرتنی پارەی کارەبا لەم ماوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەوا سیستەمی چاپکردنی پسوولە گۆڕاوە لە کۆنەوە بۆ نوێ، ئەمە وایکردووە پسوولەی وەرگرتنی پارە کەمێک دوابکەوێت، ئەوەش نابێتە هۆی دروستبوونی بارگرانی بۆ سەرشانی هاوبەشان چونکە لەو ماوەیە کارەبا کەم بەکار هاتووە، سیستەمەکە کۆن بوو پێویستی بە گۆڕین و نوێکردنەوە هەبوو”.
بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سۆران، ئاماژەی بەوەشدا” لە مانگی داهاتوو پسوولەی کارەبا لە کاتی خۆی بۆ هاوبەشان دەگەڕێتەوە هەر 30 ڕۆژ جارێک.





























































