زاری كرمانجی
بەمەبەستی پاراستنی مافی خەڵک و رێگیریکردن لەتاوانەکانی ساختەکاری لە ئیمزا و پەنجەمۆر ، وەزارەتی داد گشتاندنێکی ئاڕاستەی سەرجەم فەرمانگەکانی دادنوسی کردووە، بۆ ئەوەی لەکاتی وەرگرتنی پەنجەمۆر لەسەر مامەڵەکانی دادی، بە وردی رەچاوی کۆمەڵێک خاڵ و تێبینی بکەن.
تێبینی و گشتاندنەکەی وەزارەتی داد، پاش نووسراوێکی لایەنی پەیوەندییدار لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هات، کە لە ( ٢٨/٤/٢٠٢٦) ئاڕاستەی کرابوو .
بەپێی گشتاندنەکەی وەزارەتی داد بۆ فەرمانگەکانی دادنووسی، دەبێت لەکاتی وەرگرتنی پەنجەمۆردا، خودی کەسەکە (خاوەن مامەڵە) ئامادەبێت، و نابێت کەسێکی تر لە جێگەی ئەو پەنجەمۆر بکات، پێویستە پەنجەی کەسەکە پاک بێت و لەوە دڵنیا ببنەوە کە پەنجەی راستەقینەیەو دەستکرد نییە، رەچاوی بڕی پێویستی مرەکەبەکە بکرێت، لەکاتی پەنجەمۆرکردنەکەدا پەنجەکە نەسووڕێت و لەسەر لاپەڕەکە نەخشێت، پەنجەمۆر نەکەوێتە سەر نووسین، و دەبێت لە شوێنێکی بەتاڵ یان لەسەر ناوەکە یان لە تەنیشتی بێت، ئەگەر پەنجەی گەورەی دەستی چەپی نەبوو، ئەوا پەنجەی گەورەی دەستی راستی وەربگیرێت، ئەگەر کێشە لە پەنجە گەورەکان هەبوو، ئەوا پەنجەکانی تر بەکاربهێنرێت، نابێت دووجار پەنجەمۆر لەسەریەک بکرێت، ئەگەر پەنجەمۆرەکە ناڕێک بوو دەتوانن لەتەنیشتیدا وەریبگرنەوە و ئاماژەی پێبکرێت، ستامپی گونجاو رەنگی (شین یان رەش) بەکاربهێنرێت .






























































