وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا سەرجەم خەرجییەكانی بۆ ئەمساڵ رابگرێت و هۆكرەكەشی بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی ژمێرەكانە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، بەگوێرەی رێنماییەكان وەزارەتی دارایی، لە 15ی ئەم مانگەوە سەرجەم خەرجییەكانی ئەمساڵ رادەگرێت بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی ژمێرەكان جگە لە خەرجییەكانی، مووچە، پێشینەی خەرجكراوی مانگ، كرێیەكانی مانگانە، خاوێنكردنەوە و خواردن.
هەر بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، تەمویلكردنی تایبەت بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان ناگرێتەوە.
وەزارەتی دارایی لە رێنماییەكانیدا بریاریداوە، بە راگرتنی زیادكردنی پێشینەی بەردەوامی مانگانە. هاوكات پێویستە لە رێككەوتی دەرچوونی رێنماییەكە هیچ داواكارییەكی خەرجكردن ئاراستەی وەزارەتی دارایی نەكرێت.
لە رێنماییەكانی وەزارەتی داراییدا هاتووە، داخستننی ژمێرەی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2022 لە 31-12-2022ەوە پێویستە گشت وەزارەت و فەرمانگەكانی نەبەستراو بە وەزارەت پابەندبن بە ماوەی ئاماژەپێكراو. بەپێی مادەی 1 و بڕگەی 11 لە یاسای كارگێری دارایی ماوەی ژمێرەی كۆتایی لە 31ی ئەم مانگەوە دەستپێدەكات تاوەكو 31ی مانگی داهاتوو بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی گشت پێشینەكان كە لە ئەستۆی وەزارەت و فەرمانگەكانن و پێویستە لە 31-1-2023 گشت ژمێرەكان بنێردرێن بۆ وەزارەتی دارایی و لە نەناردنی یاخود دواكەوتن ژمێریار بەرپرس دەبێت.