كامەران ئیبراهیم شێروانی
سەردانی ئەمجارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ پەكین تەنها نمایشێكی دیپلۆماسی نییە بۆ میدیاكان، بەڵكو گوزارشتە لە هەوڵێكی ستراتیژی بۆ ڕزگاركردنی ئابووریی ئەمریكا لەو چەقبەستووییەی كە بەهۆی شەڕی بازرگانی و ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دروست بووە. ترەمپ لە كاتێكدا دەگاتە چین كە لە ناوخۆدا لەژێر فشاری توندی دابەزینی جەماوەریی و بەرزبوونەوەی تێچووی بژێویدایە. لێرەوە، پەكین دەبێتە ئەو مەیدانەی كە ترەمپ دەیەوێت تێیدا ڕێككەوتنە گەورەكە ئەنجام بدات؛ ڕێككەوتنێك كە هاوسەنگی لە نێوان دەستكەوتی خێرای ئابووری و پاراستنی شكۆی سیاسی ئەمریكادا بكات، لە بەرامبەر چینێكی زۆر بەهێزتر و ئازاتر لەوەی لە ساڵی ٢٠١٧دا بینیمان.
ئامادەبوونی گەورە بازرگانەكانی ئەمریكا بە تایبەتی لە بواری تەكنەلۆژیای جیهانی وەك ئیلۆن مەسك، تیم كوك و جێنسن هوانگ لە ناو فڕۆكە سەرۆكایەتییەكەدا، پەیامێكی ڕوونە بۆ جیهان: شەڕی ڕاستەقینە لەسەر داهاتووی تەكنەلۆژیایە. ترەمپ بە هێزی ئەم كۆمپانیا زەبەڵاحانەوە دەیەوێت چین ناچار بكات بەربەستە گومرگییەكان لابدات و بازاڕەكانی بە ڕووی چاو و لێزەرە ئەمریكییەكاندا واڵا بكات. ئەمە تەنها باسێكی بازرگانی نییە، بەڵكو هەوڵێكە بۆ ڕێگریكردن لەوەی چین ببێتە جەمسەری تاقانەی تەكنەلۆژیا و ماددە دەگمەنەكان كە دەمارە ڕەگەكانی پیشەسازیی سەربازی و مەدەنیی ئەمریكان. ترەمپ دەیەوێت متمانە بۆ پیشەسازیی ئەمریكی بگێڕێتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەمە پێویستی بە سازشی قورس هەبێت لە ڕووی سیاسییەوە. لە ڕووی ژمارەییەوە، پەیوەندیی نێوان ئەم دوو زلهێزە لە قۆناغی پاشەكشەی گەورە دایە. دابەزینی قەبارەی بازرگانی لە ٦٩٠ ملیار دۆلارەوە بۆ ٤١٤ ملیار دۆلار، نیشانەیەكە كە سزاكان و شەڕی تاریفەكان( باجی جۆراوجۆر) كاریگەریی نەرێنییان لەسەر هەردوو لا هەبووە. كورتهێنانی بازرگانیی ٢٠٠ ملیار دۆلاریی ئەمریكا بەرامبەر چین، وەك برینێكی ساڕێژنەكراو لە جەستەی ئابووریی ئەمریكادایە. ترەمپ لەم گەشتەدا هەوڵ دەدات لانی كەم بەڵێنی كڕینی ملیارەها دۆلار لە فڕۆكەی بۆینگ او بەرهەمە كشتوكاڵییەكان (سۆیا و گۆشت) لە پەكین وەربگرێت، تاوەكو وەك دەستكەوتی زێڕین پێشكەشی دەنگدەرانی وڵاتەكەی بكات لە ویلایەتە پیشەسازی و كشتوكاڵییەكاندا، كە كلیلی سەركەوتنی ئەون لە هەڵبژاردنەكاندا.پەیوەندیی نێوان ئابووری و جیۆپۆلەتیك لەم سەردانەدا زۆر ئاڵۆزە؛ شەڕی ئێران وەك سێبەرێكی قورس بەسەر مێزی گفتوگۆكانەوە دیاردەبێت ترەمپ دەزانێت كە كلیلی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنی و كۆنتڕۆڵكردنی هەڵاوسان لە واشنتۆن، لە ڕێگەی فشارەكانی پەكین بۆ سەر تاران دەبێت. لە بەرامبەردا، شی جین پینگ داوای باجێكی گران دەكات كە ئەویش بابەتی تایوانە. ئەمە ئەو خاڵە مەترسیدارەیە كە سیاسەت و بزنس تێیدا بەیەك دەگەن.
ئایا ترەمپ ئامادەیە لە پێناو كڕینی سۆیا و فڕۆكە، چاو لە سەر تایوان بپۆشێت؟ كۆشكی سپی تا ئێستا نكوڵی لێ دەكات، بەڵام مێژووی ترەمپ نیشانی داوە كە ئەو هەمیشە ئامادەیە بۆ مامەڵەیەكی بازرگانیی گەورە ئەگەر بەرژەوەندییە ناوخۆییەكانی ئەمریكا بپارێزێت.
لە كۆتاییدا، ئەم سەردانە تاقیكردنەوەیەكی گەورەیە بۆ تیۆریی هونەری ڕێككەوتنی ترەمپ. ئەگەر پەكین بەڵێنە بازرگانییەكانی تەنها وەك تاكتیكێكی كاتی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان بەكاربهێنێت و دواتر لێیان پاشەكشە بكات (وەك ئەوەی لە خولی یەكەمدا ڕوویدا)، ئەوا ئەم سەردانە تەنها وەك نمایشێكی میدیایی دەمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر ئەم لوتكەیە ببێتە سەرەتایەك بۆ ئاگربەستێكی بازرگانیی درێژخایەن، ڕەنگە جیهان بۆ ماوەیەك هەناسەیەكی ئارام هەڵبكێشێت، هەرچەندە كێبڕكێی قووڵی نێوان ئەم دوو جەمسەرە بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆیان بەسەر سەدەی بیست و یەكدا ئەستەمە وا بە ئاسانی بگات بە خاڵی كۆتایی.




























































