سۆران سرێشمەیی- زاری كرمانجی:
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەڵێت: گلەیی و تێبینی ئافرەتان لەبەر چاو دەگرین لەوەی كە وەك پێویست لە پێدانی پۆستەكان ڕۆڵیان پێنەدراوە.
لە پەراوێزی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، كە لە ئیدارەی سۆران و لەلایەن ئەنجومەنی سۆرانی یەكێتی ئافرەتانی كوردستان بەرێوەچوو، هەڵگۆرد شێخ نەجیب لە ووتەیەكدا وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان لە بوارە جیاوازەكان هەروەها ڕایگەیاند:” باس لەوە دەكرێت كە ئافرەتانی سنووری ئیدارەی سۆران گلەیی و تێبینیان هەیە سەبارەت بەوەی وەك پێویست و لە نێو ئیدارە پۆستیان پێنەدراوە. بۆیە لە داهاتوودا ئەو سەرەنج و گلەییانەی ئافرەتان لەبەر چاو دەگرین و دەرفەتی زیاتریان بۆ دەڕەخسێنین.”
ئەو لێدوانەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دوای ئەوەهات كە دوای بڕیاری بوون بە ئیداری سەربەخۆی سۆران و كردنەوەی ژمارەیەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی و هاتنە كاییەی بەش و پۆستی نوێ لە نێو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئافرەتان بە گلەیی زۆرەوە ناڕەزایەتیان دەربارەی پشك و بەشی خۆیان وەك توێژێكی دیار، ئاڕاستەی بەرپرسانی ئیدارەی و حزبی ئەو دەڤەرە دەكرد.