سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێردراوی عێراق، لە یەکەمین پەیامیدا دوای وەرگرتنی متمانەی پەرلەمان، بەڵێنی بە گەلی عێراق دا، کار بۆ چەسپاندنی سەقامگیری، گەڕاندنەوەی شکۆی دەوڵەت و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بکات.
پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی هەڵبژێدراوی عێراق لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆم ئاراستەی پەرلەمان و هێزە سیاسییە نیشتمانییەکان دەکەم بۆ بەخشینی متمانە بە حکوومەتەکەمان”.
سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق هەڵوێستی پەرلەمان و هێزە سیاسییەکانی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو هەنگاوە “بەرجەستەکەری باڵادەستیی بەرژەوەندیی نیشتمانی و رۆحی هاوبەشی و بەرپرسیارێتییە” لە قۆناغی ئێستای عێراقدا.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، عەلی زەیدی رووی دەمی کردە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی و ئەو متمانەیەی پەرلەمانی وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی وەسف کرد، و گوتی: “ئەم متمانەیە ئەمانەتێکی گەورە و پەیمانێکە لەبەردەم گەلی ئازیزماندا، بۆ ئەوەی بە هەنگاوی جێگیر و نەگۆڕەوە بەرەو چەسپاندنی سەقامگیری و بەهێزکردنی شکۆی دەوڵەت بڕۆین.”
سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر ئامانجە خزمەتگوزاری و ئابوورییەکانی کابینەکەی کردەوە و بەڵێنی دا کە کار بکەن بۆ “هێنانەدی خواست و ئاواتەکانی عێراقییەکان لە بوارەکانی گەشەپێدان، دادپەروەری، و دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستە بۆ هەمووان.”
ئەمڕۆ، پەرلەمانی عێراق، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، کارنامەی کابینەی حکوومەتەکەی عەلی زەیدی پەسەند کرد، هەروەها متمانەش بە 14 وەزیر لە کابینەکەدا درا.





























































