ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا جارێکی دیکە بووەوە بە قەڵغانی پارێزگاری لە دەسەڵاتە سەربازییەکانی دۆناڵد ترەمپ و هەوڵێکی نوێی دیموکراتەکانی بۆ سنووردارکردنی سەرۆک لە هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران پەکخست.
بەپێی ڕاپۆرتێکی “سی بی ئێس نیوز”، بڕیارنامەکە تەنیا بە جیاوازی یەک دەنگ (50 نەخێر بەرامبەر 49 بەڵێ) شکستی هێنا، ئەمەش دەریدەخات کە ترەمپ تا ئێستاش پشتگیرییەکی بەهێزی لە ناو سیناتدا هەیە بۆ بڕیارە جەنگییەکانی.
ئەمە حەوتەمین جارە لەمساڵدا کە کۆمارییەکان لە ناو ئەنجومەنی پیران ڕێگری دەکەن لە تێپەڕبوونی هەر یاسایەک کە ببێتە ڕێگر لەبەردەم فەرماندەیی باڵای هێزە چەکدارەکان بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی بەبێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس.
لێزا مۆرکۆڤسکی، یەکێک لەو سێ سیناتۆرە کۆمارییەی کە دەنگی بە بڕیارنامەکە دا، ئاماژەی بەوە کرد کە ترەمپ و کارگێڕییەکەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان سەبارەت بە پلانە سەربازییەکانیان پاش کۆتاییهاتنی وادە 60 ڕۆژییەکە نەداوە، ئەمەش وای کردووە مەترسییەکان لەسەر هەڵگیرسانەوەی ململانێیەکی خوێناوی زیاتر ببن.



























































