ئەژین غەفار-زاری کرمانجی
پێگەی Henly Passport Indext، نوێترین پۆلێنی خۆی بۆ ڕیزبەندی باشترین پاسپۆڕتەکانی دونیا بڵاو کردەوە. بە گوێرەی سەرچاوەکە، پاسپۆڕتی عێڕاق لە دواوەی ڕیزبەندییەکه و لە لیستی لاوازترین پاسپۆڕتەکانی دونیایە.
بە گوێرەی سەرچاوەکە، پاسپۆڕتی سەنگافور لە ڕیزبەندییەکەدا یەکەم بەهێزترینی جیهانە، هاوکات پاسپۆڕتی ئەفغانستانیش لاوازترینە و نزمترین پێگەی لەنێو پاسپۆرتەکانی دونیا هەیە.
هەر لەو پۆلێنبەندییە، پاسپۆڕتی عێڕاق دوو پلە لە پێش پاسپۆڕتی ئەفغانستانەوەیە و ئەمەش ئاشکرای دەکات لە ڕێزی خراپترین و لاوازترین پاسپۆڕتی دونیایە. بە گوێرەی ڕیزبەندییەکە، پاسپۆڕتی عێڕاق لە پاشەکشە دایە و پلەی ١٠١ـەمە لەنێو پاسپۆڕتی وڵاتانی تری دونیا. ئەمە لە کاتێکدایە پاسپۆڕتی ئەفغانستان کە نزمترین پلەی وەرگرتووە لە ژمارە ١٠٣ـی ڕیزبەندییەکە دایە.
بەپێی پێوەرەکە، پاسپۆڕتی عێڕاق، لەنێو وڵاتانی عەڕەبیش لە ڕیزبەندی ٢٠ـەمینە، واتە لەپێش سۆماڵ، یەمەن، سودان، لیبیا و فەڵەستینەوەیە. سەبارەت بە سەنگافور، شایانی باسە پاسپۆڕتەکەی بۆ سێیەم ساڵە بەسەر یەکەوە، لە پلەی یەکەم ماوەتەوە. ئەمەش وای کردووە وەک یەکەم بەهێزترین پاسپۆڕتی جیهان بناسرێت.


































































