زاری كرمانجی-چۆمان:
قائیمقامی چۆمان ئاشكرای دەكات، تەنها ئەمساڵ زیاتر لە 3 ملیار دینار لە پڕۆژەكانی سنووری قەزای چۆمان خەرجكراوەو پڕۆژە خزمەتگوزاریەكانیش بەردەوامن.
سوارا ئەكڕەم قائیمقامی قەزای چۆمان بە زاری كرمانجی راگەیاند: “رۆژی 11-12-2022 بە مەبەستی ئاگادار بوون لە هەنگاوەكانی جێی بە جێ كردنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان لە سنووری قەزای چۆمان، لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیس و سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری ئاو، سەردانی پڕۆژەی فراوان كردنی رێگای هامڵتۆن مان لە سنوری شارەوانی لە گەڕەكی دەرماناوە كرد، دواتر پڕۆژەی فراوان كردنی تۆڕی ئاومان بەسەركردەوە لە (ئاشی بڕەگویز ) هەروەها كارەكانی قیڕتاوكردنەوەی بەشێكی تری رێگای هامڵتۆن مان بەسەركردوە لە ئۆمەراوە”.
گووتیشی: ” گوژمەی پڕۆژەكان ئەم ساڵ جگە لە پڕۆژە بەردەوامەكان گەیشتۆتە سەرووی ٣ ملیار دینار، دەست خۆشی بۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، بۆ گرنگیدانی بەردەوامیان بۆ پڕۆژەكانی چۆمان، هەروەها سوپاس بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان بە تایبەتی شارەوانی و ئاو و كارەبا و چاككردنەوەی ڕێگاكان بۆ چاودێری بەردەوامیان بۆ درووستی جێی بەجێ كردنی پرۆژەكان”.
ئاشكراشی كرد: ” ئەو گوژمەیە هەمووی ئەمساڵ، لەسەر بوددجەی پەرەپێدان و ئیدارەی سۆران تەرخانكراوە، كە دوو بەشە پەرەپێدان و بوددجەی لە ناكاو یان بەكاربردن”.