گەنجان بە سەركردایەتی كردن كار بۆ بەرەو پێشبردنی ئامانجەكانیان دەكەن
مەهدی محەممەد – سۆران:
هونەرو لێهاتوویی سەركردایەتی لەبوارە جیاجیاكاندا، جێی بایەخە بۆ خەڵك و بەهۆی گرنگیی توخمی مرۆڤ و ڕۆڵی لەپێكهێنانی ئامانجەكانی ئەو شوێنەی كە لەسەر ئاستی دەزگاو ڕێكخراوو سێكتەرە شەخسییەكاندا رێبەرایەتی دەكات، بۆیە لە ئێستادا بەشێكی زۆری گەنجان دەیانەوێت لە كاری رۆژانەی خۆیان وەك سەركردەیەك دەربكەون و كار بۆ بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگە و هێنانەدی ئاواتەكانیان دەكەن.
سەمیح حەمەدەمین زۆرترین پەرتووكی لەم ساڵەدا لەسەر سیفەتەكانی بە سەركردە بوون خوێندوتەوە، ئەو دەڵێ:” سەركردایەتی تەنیا تایبەت بە حزب و لایەنی سیاسی نییە، سەركردایەتی لە كاردا و لە نێو خێزان و قوتابخانە و شەقام و وەرزش و بازاردا بوونی هەیە و هیچ هەنگاوێك بێ سەركردایەتییەكی كاریگەر سەركەوتوو نابێت. سەمیح باس لە چەمكی سەركردایەتی دەكات و دەڵێ:”چەمكی سەركردایەتی لەفەرهەنگی زماندا ئاماژە بەڕابەرایەتی و نفوز و بەدەستهێنانی گوێڕایەڵی دەكات، واتە توانای دروستكردنی كاریگەری و ڕێنوێنی بەشێوەیەكی خۆشەویستی بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی دیاریكراو و یەكێك لەماناكانی سەركردایەتیش كاریگەری باش و هاندان و ڕێبەرایەتی كردنی ئەوانی تر پێناسە دەكرێت، سەركردایەتی هونەرێكی بابەتییە كە خاوەنەكەی توانای ئەوەی هەیە لە ڕێگەی میتۆدە جەماوەرییەكانی كاریگەری دروست بكات لە رووی كارامەیی و كارلێككردن،” بە لای سەمیحەوە بوون بە سەركردە بناغەیەكی پتەو لە رۆشنبیربوون و هۆشیاری پێویستە و دەڵێ:” تەنیا بیركردنەوە لەدروستكردنی سەركردە لەخۆیدا گرنگە، بەڵام ئەوانەی خوازیاری بردنەوەی ئەم نازناوەن، دەبێ پایەكانی بناغەی گشتی و ڕێكخستنی سەركردایەتی و هەلومەرج و سیفەتەكانی بناسن، چونكە گرنگترین كارگەكانی دروستكردنی سەركردایەتی سەرەتا لە ماڵەوە دەست پێ دەكات وەك گەشەپێدانی كارامەیی منداڵان و بەرزكردنەوەی تواناكانیان، خۆبەهێزی و بڕوابەخۆبوون، بەرژەوەندی و پەروەردەیی قوتابخانە، ئەمانە دەستپێكی باش و راهێنانێكی بەرزە بۆ دروستبوونی بناغەی سەركردایەتی.”
كارمەند عەزیز باس لە گرنگترین ئەو سیفەتانە دەكات كە وا لە گەنج دەكات ببێتە سەركردە و دەڵێ:” گەنجێك گەر بیەوێت ببێت بە بەسەركردەیەكی گەورە، پێویستی بە باوەڕێكی ڕەها هەیە تا ئەو كارە بكات و بە ئیرادە و خودی خۆی هەوڵ بۆ دەستگەیشتن بە سەركردایەتی بدات، چونكە خاوەنداریكردن لە كارامەیی و هونەری سەركردایەتی لەو كاتە دەست پێدەكات و ڕەنگە گرنگترین ئەو كارامەیی زانینێكی ڕوون لەو ژینگەیەی تێیدا نیشتەجێیە و بەنیازە خۆی وەك سەركردەیەك نیشان بدات و هەموو توخم و پێداویستی و كارلێكانی تێدا بێت،”
ئەوەش دەڵێ:” خەسڵەتە شەخسی و هاندانەكانی بۆ كار و پێداویستیەكانی بوونی خۆی و تایبەتمەندییەكانی كەسایەتی خۆی و توانای دیاریكردنی ئەو هێزانەی كە خاوەنییەتی و ئەو بوارانەی ئەدا كە پێویستە لە كەسایەتییدا پەرەی پێ بدرێت و ڕێكبخرێت و پاشان بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت كە توانای دیاریكردنی تایبەتمەندی هاوبەشەكانی لە تیپی دەزگاو خێزان یان هەر بوارێكدا هەبێت كە سەركردایەتی خۆی ڕاهێنانی پێبكات بۆ وەبەرهێنانی بەهرەو تواناكانیان لەگەشەپێدانی كۆمەڵگەكەیان و شیاوكردنیان لەڕیزی ئاواتەكانی ئەو كۆمەڵگەیە و ئامانجەكانی ئەو دامەزراوەیە.”
مستەفا عەزیز پێی وایە سەركردایەتی لە رەوشتی جوان و كەسایەتی بەرز و رۆشنبیربوون و هۆشیارییەوە سەرچاوە دەگرێت و دەڵێ:” گەنج بۆ ئەوەی ببێت بە سەركردە دەبێ خاوەنی هەستێكی دادپەروەرانە و دەوڵەمەند لە رۆشنبیربوون و هۆشیاری بێت، پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتی بەهێزی هەبێت و راستگۆ و دڵسۆز و وەفادار بێت و مرۆڤانە لە دەووربەر بڕوانێت، ئەمانە سیفەتەكانی گەیشتن و نزیكبوونەوە لە سەركردایەتی بوون،”
مستەفا باس لە سەركردەی سەركەوتوو دەكات و دەڵێ:” سەركردەی سەركەوتوو توانای دۆزینەوەی هەلومەرجی كەسانی دەوروبەری و ئەوانەی لەژێر سەركردایەتیدان لەڕووی دەروونی و ڕەفتاری و سۆزدارییەوە كە ئاسانكاری دەكات بۆ پەرەپێدانی میكانیزمە چارەسەرە گونجاوەكان و چارەسەرە چالاكەكان بۆ كێشەكانی چاوەڕوانكراو لەئاستی تاك و دەزگاكەدا، هەروەها كەسایەتیەكی نەرم و هاوسەنگی هەیە كە وا دەكات پلانەكان و ستراتیژەكان بگۆڕن بەبێ گۆڕان، لەگەڵ ئەوەشدا سەركردەی سەركەوتوو قسەزانێكی باش و لێهاتووە بۆ ئەوەی بتوانێت كاریگەری لەسەر دڵی خەڵك دروست بكات، هەروەها هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و هەستكردن بە گەورەیی ئەو متمانەیەی پێی سپێردراوە، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی شارەزایی باڵاو زانین لەدابەشكردنی پلەو پایە و ڕۆڵ و ئەركەكان، بەپێی ئەوەی كە لەگەڵ تواناو و ئەزموون و لێهاتوویی تاكەكاندا بگونجێت نەك بەو پێیەی ملكەچی لایەنێك یان تاكێك بێت.”
سەركار عەبدوڵڵا قۆناخی ئێستا بە گرنگ دەبینێت بۆ ئەوەی گەنجان سەركردایەتی توێژەكەی خۆیان و كۆمەڵگەی كوردەواری بكەن :” جێگەی خۆشحاڵییە لەم چەند ساڵەی رابردوو كۆمەڵێك گەنجی بە توانامان بینی لە پلە و بەرپرسیاریەتی جۆراوجۆر، لێهاتووانە و دڵسۆزانە سەركردایەتی داواكاری و مافی بەشێك لە خەڵكی ئەم نیشتمانەیان دەكرد،”
سەركار ئەوەش دەڵێ:” پێویستە حزب و لایەنە سیاسیەكان و دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم، دەرفەتی باشتر بڕەخسێنن بۆ گەنجان تاكوو بتوانن لە شوێنە جیاوازەكان خزمەت بكەن،”
سەركار ئامۆژگاری گەنجان دەكات تا دەتوانن خۆیان رۆشنبیر بكەن و هزر و بیریان كراوەتر و بە دوای داهێنان بگەڕێن ، ئەوەش دەڵێ:” پێویستە گەنجان بێ گوێدانە ئەزموون و لێهاتوویی خۆیان، سەرچاوەی زانیارییەكانیان هەمەجۆر بكەن و ئاراستە و ئامانجی داهاتوویان لەسەر بنەمای داتا و هەلومەرج دیار بكەن، لەگەڵ ئەوەش توانای كاریگەری و قایلكردن و بەرزكردنەوەی ورە و ئیرادەی خۆی زیاتر بكات، لەسەرووی هەمووشییەوە نزیكی كۆمەڵگەی خۆی بێت و هەمیشە لە نێو خەڵك بێت و لە هەموو بۆنە و هەلومەرجێكدا بەشدارێكی نزیكی خەڵك بێت بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی لەگەڵ تیمەكەیدا و پتەوكردنی پەیوەندییەكان و بەدەستهێنانی خۆشەویستی و كاریگەری سەركردایەتی لەنێوان هاووڵاتییانی، چونكە بوونی سەركردە گەورەكان كە لە هەلومەرجێكی سادەدا سەریان هەڵدا، سەلماندوویانە كە سەركردایەتی پیشەسازییەك نییە و فێربوون و ڕاهێنانیش كلیلیەكە بۆ دروستكردن و بەهێزكردن و بەهێزكردنی سەركردەكان لە دڵی خەڵكدا بە ئامادەیی و توانا و خاوەندارێتی كردن لە خەڵك، كە لە كۆتاییدا دەبێتە هۆی بەستنەوەیان بە نەتەوەكەیان و سەركردایەتییەكی كاریگەر و سەركەوتوویی لێ دروست دەبێت.”