زاری كرمانجی:
دوای گفتوگۆ و دانوستانێک کە دوو کاتژمێری خایاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جین پینگ، هاوتا چینییەکەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆتاییان بە لوتکەیەک هێنا کە تایبەتمەند بوو بە گفتوگۆی درێژخایەن لەسەر چەندین پرسی سەرەکی، لەوانە بازرگانی، پرسی تایوان و ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی نێوان هەردوو وڵات.
دوای گەیشتنی ترەمپ بۆ پەکین، ئێوارەی چوارشەممە ئامادەی ئاهەنگێکی پێشوازی بوو، پاشان سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لایەن سەرۆکی چینەوە لە هۆڵی گەورەی گەل پێشوازی لێکرا، کە ناوەندی کاری یاسادانانی حکومەتی شیوعی و سەنتەری چالاکییە کولتووری و کۆمەڵایەتییە گرنگەکانە لە دیوی ڕۆژئاوای گۆڕەپانی تیانانمێن.
بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، هەردوو سەرۆک تەوقەیان کردووە و گفتوگۆیان ئاڵوگۆڕ کردووە، هەروەها پێش گرتنی وێنەی یادگاری، ترەمپ دەستی بە قۆڵی شیدا هێناوە.
هۆڵەکە تایبەتمەندە بە پەیژەیەکی زەبەلاح کە بە فەرشی سوور داپۆشراوە، لەگەڵ ڕووبەرێکی فراوان لە مەڕمەڕ، هەروەها سەربازەکان ئاڵای گەورەی ئەمریکا و چینیان هەڵواسیبوو.
دەستپێکردنی گفتوگۆکان
بەگوێرەی پەیامنێری جەزیرە، مەراسیمی پێشوازییەکە نزیکەی ١٥ خولەکی خایاندووە، پاشان ئەو گفتوگۆیانە دەستیان پێکرد کە پلان وابوو بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەردەوام بن.
سەرۆکی چین ڕایگەیاند کە چاوەڕێی ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕایە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکان، و ئاماژەی بەوەشکرد کە هەمیشە بڕوای وابووە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زاڵترن بەسەر ناکۆکییەکاندا.
هەروەها وتیشی: “با ساڵی ٢٠٢٦ بکەینە ساڵێکی مێژوویی و وێستگەیەکی دیار بۆ پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکا بۆ بەردەوامیدان بە ڕابردوو و کردنەوەی ئاسۆکانی داهاتوو”، بەپێی دەربڕینەکەی خۆی.
سەرۆکی چین جەختی لەوەش کردەوە کە گفتوگۆ باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری شییەوە گواستیەوە کە جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیچ براوەیەک لە جەنگی بازرگانیدا بوونی نییە، و ئاماژەی بەوەشکرد کە هەردوو لا ئەنجامی ئەرێنییان بەدەستهێناوە.
شی ڕوونیکردەوە کە پەیوەندییەکی سەقامگیری نێوان پەکین و واشنتن سوود بە هەموو جیهان دەگەیەنێت، و ئاماژەی بەوەشدا کە هاوکاری نێوان هەردوو وڵات دەستکەوتیان بۆ بەدەست دەهێنێت، لە کاتێکدا ڕووبەڕووبوونەوەی نێوانیان دەبێتە هۆی زیانی دوولایەنە.
لای خۆیەوە، ترەمپ ڕایگەیاند کە پەیوەندی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چین “لەرابردوو باشتر دەبێت”، و جەختیشی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ سەرۆکی چین هەیە کە بە “سەرکردەیەکی مەزن” وەسفی کرد.
پرسی تایوان
سەبارەت بە تایوانیش، سەرۆکی چین وتی ئەگەر مامەڵەیەکی هەڵە لەگەڵ پرسی تایواندا بکرێت، ئەوا دەبێتە هۆی پێکدادان لە نێوان ئەمریکا و چین، و ئاماژەی بەوەشدا کە مامەڵەی هەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا لەوانەیە تەواوی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا بەرەو دۆخێکی زۆر مەترسیدار ببات.
هەروەها شی وتی ئەگەر مامەڵەیەکی باش لەگەڵ پرسەکەدا بکرێت، دەکرێت پەیوەندییە دووقۆڵییەکان سەقامگیرییە گشتییەکەیان بپارێزن، و جەختیشی لەوە کردەوە کە “سەربەخۆیی تایوان و ئاشتی لە گەرووی تایوان دوو شتن کە پێکەوە کۆنابنەوە”.
لای خۆیەوە، تایوان ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا “پشتگیرییە ڕوون و توندوتۆڵەکەی خۆی بۆ دوورگەکە دووپاتکردووەتەوە”، بەپێی ئەوەی ئاژانسی فرانس پرێس گواستوویەتیەوە.






























































