وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند، تێچووی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژی ئێران بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 29 ملیار دۆلار. ئەم بڕە پارەیە بەراورد بە خەمڵاندنەکانی 2 هەفتەی ڕابردوو، زیاتر لە 4 ملیار دۆلار زیادیکردووە و نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە.
جوڵز هێرست، بەڕێوەبەری دارایی پێنتاگۆن لە دانیشتنێکی کۆنگرێسدا ئاشکرای کرد، خەرجییەکان تێچووی چاککردنەوەی کەلوپەلە سەربازییەکان و ئۆپراسیۆنەکان دەگرێتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران بەرەو هەرەسهێنان دەچێت و دۆناڵد ترەمپ پێشنیازێکی ئاشتیی ئێرانی ڕەتکردووەتەوە.
لە بەرامبەردا، ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیموکرات ڕەخنەی تووندیان لە نەبوونی شەفافیەت گرت و هۆشدارییان دا کە کەمبوونەوەی کۆگاکانی چەک، وەک مووشەکی تۆماهۆک و پاتریۆت، توانای بەرگریی ئەمریکای لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری لەگەڵ چین لاواز کردووە.



























































