وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیهنێت زیاتر لە 760 هەزار مووچەخۆری مەدەنی، خانەنشین، پێشمەرگە و ئاسایش و خانەوادەی شەهیدان، مووچەی مانگی چوار، بەشێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی پڕۆژەی هەژماری من وەردەگرن.
ئامارەکەش بەپێی پارێزگا بەم شێوەیە:
هەولێر
364,800
سلێمانی
208,200
دهۆک
179,000
هەڵەبجە
10,410
کۆی گشتی
762,500
تا ئێستا، زیاتر لە 900 هەزار مووچەخۆر خۆیان تۆمارکردووە لە پڕۆژەی هەژماری من. جێگای باسە لە چوارچێوەی پرۆژەکە زیاتر لە 600 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێگیر کراون بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بەشێوەیەکی 24 کاتژمێری بتوانن پارە ڕابکێشن.
پڕۆژەی هەژماری من، کە دەستپێشخەرییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران، لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیهندرا، وەک بەشێک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەت بۆ بە مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیریی دارایی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.






























































