سەرۆ قادر
پێشەکی مەبەست
جنێودان، سووکایەتیکردن و شەرمەزارکردنی کەسان، تەنیا ڕەفتارێکی قسەیی و هەڵچوونی کاتی نین؛ بەڵکوو لە زۆر باردا دەرکەوتەی کێشەیەکی قووڵتری دەروونی، کۆمەڵایەتی و سیاسییە. لە پەیوەندییە تاکەکەسییەکاندا جنێو دەتوانێت نیشانەی تووڕەیی، نەبوونی کۆنترۆڵی هەست، یان لاوازیی توانای گفتوگۆ بێت. بەڵام لە سیاسەتدا، جنێو و سووکایەتیکردن دەتوانن ببن بە ئامرازێکی ڕێکخراو بۆ شکاندنی پێگەی کۆمەڵایەتیی ڕکابەر، دروستکردنی ترس، کۆنترۆڵی گشتی و سەپاندنی دەسەڵات.
لە کۆمەڵگایەکی تەندروستدا، ناکۆکیی سیاسی لە ڕێگای گفتوگۆ، بەڵگە، یاسا و کێبڕکێی ئاشتییانە چارەسەر دەکرێت. بەڵام لە کۆمەڵگایەکی ژێر گوشاردا، کاتێک دەسەڵات، ڕاگەیاندن، دارایی، پەیوەندییە خێزانی و حیزبییەکان و کەرەستەکانی زانیاری دەخرێنە خزمەتی هەمان ئامانج، جنێودان و سووکایەتیکردن دەبن بە بەشێک لە میکانیزمی خۆسەپاندن.
ئەم نووسینە دەکۆشێت جنێو و سووکایەتیکردن لە چوارچێوەی دەروونناسیی تاک، دەروونناسیی سیاسی، کۆمەڵناسیی دەسەڵات و ئەخلاقی هاوچەرخدا شی بکاتەوە.
١. پێناسەی جنێو و سووکایەتیکردن
جنێو یان سووکایەتیکردن بریتییە لە بەکارهێنانی وشە، دەربڕین، ناوزڕاندن یان پێناسەی نادروست بۆ کەسێک، بۆ ئەوەی پێگە، شکۆ، متمانە و ڕێزی کۆمەڵایەتیی ئەو کەسە کەم بکرێتەوە. لە جنێوداندا، کەسی جنێودەر هەوڵ دەدات وێنەیەکی خراپ، ناشیرین یان ترسناک لە کەسی بەرامبەر دروست بکات؛ وێنەیەک کە زۆرجار لەگەڵ واقع ناگونجێت، بەڵکوو بەرهەمی هەڵچوون، نەفرەت، ئیرەیی، ترس یان ئارەزووی سەپاندنی خۆیەتی.
جنێو تەنیا وشەی ناپەسەند نییە. لە مانای قووڵتردا، جنێو هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی وێنەیەکی خراپ لە ناخی جنێودەرەوە بۆ سەر کەسی بەرامبەر. کەسی جنێودەر زۆرجار ئەو خەسڵەتانەی لە خۆی، لە ترسەکانی خۆی، لە شکستەکانی خۆی یان لە ئاواتە نەهاتەدییەکانی خۆیدا هەیە، دەداتە پاڵ کەسێکی تر. ئەمە لە دەروونناسیدا نزیکە لە میکانیزمی “پڕۆژەکردن- فرافکنی-Projection”، واتە کەسێک ئەو شتەی لە ناخی خۆیدا هەیە، بەڵام ناتوانێت قبووڵی بکات، دەیخاتە سەر کەسی دیکە.
سووکایەتیکردنیش لە جنێودان نزیکە، بەڵام مەبەستی سەرەکیی ئەوەیە کە کەسی بەرامبەر لەبەرچاوی خەڵک بچووک، بێنرخ، بێشکۆ یان بێمتمانە بنوێنرێت. لەو بارەدا، سووکایەتیکردن دەبێتە چەکێکی کۆمەڵایەتی. ئەو چەکە دەکرێت لە پەیوەندیی خێزانی، کارگێڕی، حیزبی، ڕاگەیاندن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سیاسەتدا بەکار بهێنرێت.
٢. جنێو و ڕەفتاری قسەییی توندوتیژ
جنێودان لە بنەڕەتدا ڕەفتارێکی قسەییە. بەڵام ئەم ڕەفتارە قسەییە لە زۆر جاردا تەنیا لە وشەدا ناوەستێت. جنێو دەتوانێت پێشەکیی توندوتیژیی فراوانتر بێت؛ واتە یەکەم دەست بە شکاندنی زمانی کەسێک دەکرێت، پاشان شکاندنی پێگەی کۆمەڵایەتیی، دواتر دوورخستنەوە، گرتن، بێبەشکردن، ئەشکەنجەدان یان لابردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکرێت.
لە سیاسەتدا زۆرجار ئەم ڕێڕەوە دەبینرێت: یەکەم، ڕکابەر بە زمان ناشیرین دەکرێت؛ دووەم، بە شێوەی ڕاگەیاندنی یان تۆڕی کۆمەڵایەتی شەرمەزار دەکرێت؛ سێیەم، پێگەی خەڵکیی و دامەزراوەیی لێ دەگیرێت؛ چوارەم، ڕێگە بۆ سزا، گرتن، دوورخستنەوە یان لابردنی سیاسیی دەکرێتەوە.
بۆیە جنێو لە سیاسەتدا نابێت وەک قسەیەکی سادە تەماشا بکرێت. ئەو دەتوانێت بەشێک بێت لە ستراتیژیی شەڕی دەروونی و کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی.
٣. ڕەگ و ڕیشەی دەروونیی جنێودان
کەسی جنێودەر هەمیشە مەرج نیە نەخۆشیی دەروونیی دیاریکراوی هەبێت؛ ئەمە گرنگە. نابێت هەر کەسێک کە جنێو دەدات، بە شێوەیەکی ڕەها وەک نەخۆش ناوببرێت. بەڵام زۆر جار جنێودان نیشانەی فشار، تووڕەیی، ترس، لاوازیی متمانە بە خۆ، کەمبوونی ڕێزگرتن لە خۆ، یان نەبوونی توانای چارەسەرکردنی ناکۆکییە بە ڕێگەی عەقڵانی.
ڕەگ و ڕیشەی ئەم ڕەفتارە دەتوانێت لە منداڵی، پەروەردەی خێزان، بارودۆخی کۆمەڵایەتی، هەژاری، توندوتیژیی ناوماڵ، پەراوێزخستن، فێربوونی ڕەفتاری توند، یان کۆمەڵگایەکی پڕ لە ترس و سزاوە بێت. منداڵێک کە لە ژینگەیەکی پڕ لە سووکایەتی، ترس، لێدان، بێمتمانەیی و پەراوێزخستن گەورە دەبێت، لە گەورەبووندا زۆرجار هەمان شێوازی ڕەفتار دووبارە دەکاتەوە. ئەو فێر دەبێت کە هێز، ترساندن، ناشیرینکردنی بەرامبەر و شکاندنی ڕکابەر شێوازێکی “کاریگەر”ی پەیوەندییە.
کێشەی سەرەکی لێرەدایە: ئەم کەسە جیهانی دەرەوە وەک خۆی نابینێت؛ بەڵکوو دەیەوێت جیهان بە پێی ئاوات، ترس، فانتازیا و بەرژەوەندیی خۆی ڕێک بخات. کاتێک واقیع لەگەڵ ئاواتەکانی ناگونجێت، تووشی هەڵچوون دەبێت و ئەم هەڵچوونە بە شێوەی جنێو، سووکایەتی، شەرمەزارکردن یان پەلامار دەردەکەوێت.
٤. کەمبوونی ڕێزگرتن لە خۆ و نەبوونی متمانە بە خۆ
یەکێک لە بنەما دەروونییەکانی جنێودان، کەمبوونی ڕێزگرتن لە خۆیە. کەسێک کە لە ناخەوە هەست دەکات کەمە، لاوازە، بێنرخە یان جێگەی پێویستی لە کۆمەڵگادا نییە، زۆرجار لە جیاتی کارکردن لەسەر خۆی، هەوڵ دەدات خەڵکی دیکە دابەزێنێت. چونکە دابەزاندنی بەرامبەر بۆی دەبێتە شێوازێک بۆ هەستکردن بە بەرزبوونەوەی خۆی.
نەبوونی متمانە بە خۆیش هەمان ڕۆڵ دەبینێت. کەسێک کە باوەڕی بە توانای خۆی نییە، لە کێبڕکێی ئاسایی و دادپەروەردا هەست بە مەترسی دەکات. ئەو لە جیاتی ئەوەی بە زانیاری، توانایی، کار، ئەخلاق و بەرهەم ڕکابەری بکات، دەست دەبات بۆ سووکایەتیکردنی ئەو کەسانەی پێی وایە پێش ئەو دەکەون.
لەو جۆرە کەسایەتییەدا، ئەوەی بەدەستیدێنێت “سەرکەوتن” نییە، بەڵکوو “بردنەوە”یە. جیاوازیی ئەمانە گرنگە. سەرکەوتن بە توانایی، زانیاری، کێبڕکێی یاسایی و بەرهەمی ڕاستەقینە بەدەست دێت. بردنەوە دەتوانێت بە فێڵ، ترساندن، جنێو، شەرمەزارکردن، لابردنی ڕکابەر و بەکارهێنانی هێز بەدەست بێت. کەسی تەندروست بەدوای سەرکەوتن دەگەڕێت؛ کەسی خۆسەپێنەر بەدوای بردنەوە، تەنانەت ئەگەر بە نرخێکی گران بۆ کۆمەڵگا تەواو ببێت.
٥. لە جنێودانەوە بۆ پەلاماردانی کۆمەڵایەتی
جنێودان دەتوانێت ببێتە قۆناغی یەکەمی پەلاماردانی کۆمەڵایەتی. لە سەرەتادا کەسێک بە زمان لەناو دەبرێت. پاشان تۆڕی کەسان، ڕاگەیاندن، بانگەشە، دەنگۆ و زانیارییە تایبەتییەکان بەکار دەهێنرێن بۆ ئەوەی کەسەکە لە کۆمەڵگا دوور بخرێتەوە. دوای ئەوە، دەتوانرێت ڕێگەی کار، بەرژەوەندی، پەیوەندی، پێگە و تەنانەت ژیانی ئاسایی لێ بگیرێت.
ئەمە لە سیاسەتدا بە تایبەتی مەترسیدارە، چونکە کاتێک جنێو و سووکایەتی دەبن بە سیاسەتی ڕێکخراو، هەموو کۆمەڵگا دەچێتە ژێر ترس. خەڵک فێر دەبن قسە نەکەن، ڕەخنە نەگرن، جیاواز نەبن، بیرکردنەوەی سەربەخۆ نەکەن، چونکە هەموو کەس دەزانێت ئەگەر لە ڕێچکەی دەسەڵات دەرچێت، دەکرێت سووک بکرێت، شەرمەزار بکرێت یان تووشی زیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری بکرێت.
٦. خۆسەپاندنی سیاسی و دەروونناسیی دەسەڵات
لە سیاسەتدا کەسی خۆسەپێنەر تەنیا قسەی توند ناکات؛ ئەو دەیەوێت کۆمەڵگا بە پێی وێنەی خۆی ڕێکبخاتەوە. ئەو خۆی بە ناوەندی ڕاستی، یاسا، ئەخلاق، نیشتمان، دین، نەتەوە یان شۆڕش دەزانێت. لەو جۆرە کەسایەتییەدا، جیاوازی بە مەترسی دەبینرێت، ڕەخنە بە دوژمنایەتی، و کێبڕکێ بە خیانەت.
خۆسەپاندنی سیاسی زۆرجار بە چەند نیشانە دەردەکەوێت: خۆگەورەکردن، خۆپەرستیی سیاسی، پیرۆزکردنی سەرکردە، بێنرخکردنی ڕکابەران، دروستکردنی وێنەی دوژمن، بەکارهێنانی ڕاگەیاندن بۆ مەدحکردنی دەسەڵات، و بەکارهێنانی یاسا بۆ پاراستنی حەز و بەرژەوەندیی دەسەڵاتدار.
لە سیستەمی خۆسەپێنەردا، کەسەکە یان گرووپەکە ناتوانێت کۆمەڵگا وەک کۆمەڵێک تاکی سەربەخۆ و جیاواز ببینێت. بەڵکوو کۆمەڵگا وەک مادەیەک دەبینێت کە دەبێت بەپێی مەیلی خۆی شێوەی پێبدرێت. ئەمە بنەمای سەرەڕۆییە.
٧. دەسەڵات، پێگەی کۆمەڵایەتی و بەکارهێنانی بەها نەریتییەکان
هەندێک جار کەسانی خۆسەپێنەر تەنیا بە توانای تاکەکەسی خۆیان بەهێز نابن؛ بەڵکوو پشت بە پێگەیەکی دینی، مەزهەبی، عەشیرەیی، بنەماڵەیی، حیزبی، دارایی یان مێژوویی دەبەستن. ئەم پێگانە دەبن بە سەرمایەی دەسەڵات. کاتێک ئەم سەرمایەیە لە خزمەتی گشتی نەبێت، بەڵکوو لە خزمەتی خۆسەپاندنی تاک یان گرووپێک بێت، کۆمەڵگا دەکەوێتە ژێر فشار.
لە کۆمەڵگای نەریتیدا(تقلیدی)زۆرجار هێز لە جێگەی ماف دادەنرێت. بەرابەری، یاسا، تاکانەیی، ئازادی و مافی مرۆڤ بە جێگای ئەوەی بنەمای ژیان بن، دەکرێنە ئامرازی قسەکردن، بەڵام لە کردەوەدا پابەندییان پێوە ناکرێت. لەو جۆرە ژینگەیەدا، کەسایەتیی خۆسەپێنەر زەمینەی گەشەکردنی دەدۆزێتەوە.
بەها نەریتییەکان کاتێک مەترسیدار دەبن کە ببن بە پاساوی ناحەقی: پشتیوانی لە خزم و کەسوکار هەرچەندە ناحەق بن؛ پشتیوانی لە هۆز، حیزب، مەزهەب یان نەتەوە، تەنانەت ئەگەر دژ بە دادپەروەری بێت؛ سڕینەوەی مافی کەسانی جیاواز؛ و دانانی “هێز” لە شوێنی “ماف”. لەم حاڵەتەدا، کۆمەڵگا لە هەموو ئاستێکدا نادادپەروەر دەبێت.
٨. ڕاگەیاندن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و شەڕی شەرمەزارکردن
لە ڕۆژگاری هاوچەرخدا، جنێو و سووکایەتیکردن تەنیا لە کۆڕ و کۆبوونەوە و قسەی ڕاستەوخۆدا نامێنێت. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، وێنە، دەنگ، ڤیدیۆ، چات، شوێنکەوتنی جوڵەی کەس، و زانیارییە تایبەتییەکان دەکرێنە ئامراز بۆ پەلاماردانی کەسی یان سیاسی.
ئەمە قۆناغێکی نوێیە لە شەڕی دەروونی. لە ڕابردوودا جنێو زۆرجار لە سنووری قسەدا دەمایەوە. ئەمڕۆ دەتوانرێت سیستەمێکی تەواو بۆ شەرمەزارکردنی کەسێک دروست بکرێت: کۆکردنەوەی زانیاری، هەڵبژاردنی بەشە زیانبارەکان، دەرهێنانیان لە کۆنتێکستی خۆیان، بڵاوکردنەوە لە کاتی دیاریکراو، دروستکردنی شایعات، هاندانی هاوڵاتیان بۆ پەلاماردان، و بەردەوامکردنی فشاری دەروونی.
ئامانج لەم ڕەفتارەدا ئەوەیە کە کەسی بەرامبەر لە ماوەیەکدا توانای بیرکردنەوە، بەرگری، داهێنان و ڕێکخستنی خۆی لەدەست بدات. ئەمە لە سیاسەتدا دەتوانێت قۆناغێکی گرنگ بێت بۆ لابردنی ڕکابەر.
٩. کۆنترۆڵی زانیاری و نموونەکانی دەسەڵاتی هاوچەرخ
دەسەڵاتی هاوچەرخ، بە تایبەتی لە سیستەمە سەرەڕۆکاندا، زۆرجار زانیاری و تەکنەلۆژیا بەکار دەهێنێت بۆ چاودێریکردنی کۆمەڵگا. لێرەدا مەسەلە تەنیا جنێودان نییە؛ بەڵکوو کۆنترۆڵی ژیانی تاک، پێوانەکردنی دڵسۆزی، چاودێریکردنی پەیوەندی، کۆکردنەوەی زانیاری و بەکارهێنانی ئەو زانیارییە لە کاتی پێویستدا دەبێتە بەشێک لە سیستەمی سیاسی.
نموونەی چین زۆرجار لەو بارەدا باس دەکرێت، چونکە ئەو وڵاتە لە ڕووی ئابووری و تەکنەلۆژییەوە توانایی زەبەلاحی هەیە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە سیستەمێکی سەختی کۆنترۆڵکردنی گشتی هەیە. ئەم جۆرە سیستەمە نیشان دەدات کە تەکنەلۆژیا بە خۆی ئازادی ناخوڵقێنێت؛ گرنگ ئەوەیە کێ بەکاری دەهێنێت، بۆ چی بەکاری دەهێنێت، و لە چ چوارچێوەیەکی یاسایی و ئەخلاقیدا بەکاری دەهێنرێت.
ئەگەر تەکنەلۆژیا لە خزمەتی ئازادی، شەفافیەت و خزمەتگوزاریی گشتیدا بێت، دەبێتە ئامرازی پێشکەوتن. بەڵام ئەگەر لە خزمەتی ترساندن، چاودێریی بێسنوور و سڕینەوەی جیاوازیدا بێت، دەبێتە چەکێکی سەرەڕۆیی.
١٠. خۆپەرستیی سیاسی و نموونەی کۆریای باکوور
کاتێک خۆسەپاندن دەگاتە ئاستی خۆپەرستیی سیاسی، سەرکردە وەک تاکێکی ئاسایی تەماشا ناکرێت؛ بەڵکوو دەکرێتە هێمایەکی سەرووی یاسا، سەرووی ڕەخنە و سەرووی کۆمەڵگا. نموونەی کۆریای باکوور لەم بارەدا ڕوونە: سەرکردە و بنەماڵەی دەسەڵاتدار بە شێوەیەکی سیستەماتیک پیرۆز دەکرێن، و هاوڵاتیان ناچار دەکرێن دڵسۆزیی خۆیان بە شێوەی ڕێوڕەسم و ڕۆژانە نیشان بدەن.
ئەمە لە دەروونناسیی سیاسییەوە مانایەکی قووڵی هەیە. کاتێک سەرکردە پێویستییەکی هەمیشەیی بە ستایش، چۆکدادان، مەدح و بێڕەخنەیی هەبێت، ئەو سیستەمە لە ڕاستیدا نەک لەسەر یاسا، بەڵکوو لەسەر پڕکردنەوەی کەموکوڕیی دەروونیی دەسەڵاتدار دامەزراوە. ئەمە کۆمەڵگا دەخاتە ژێر فشارێکی ئەخلاقی و دەروونیی قووڵ.
١١. بنەماکانی ئەخلاقی هاوچەرخ
ئەخلاقی هاوچەرخ لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە مرۆڤ بەهایەکی بنەڕەتی هەیە و نابێت ببێتە ئامراز بۆ حەزی تاک، گرووپ، حیزب، دین، نەتەوە یان دەسەڵات. ئەم ئەخلاقە لە ئەزموونی مێژوویی، زانستە مرۆڤایەتییەکان، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، فەلسەفەی سیاسی و جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤدا ڕەنگی داوەتەوە.
دەتوانرێت بنەماکانی ئەخلاقی هاوچەرخ لە پێنج خاڵی سەرەکیدا کۆ بکرێتەوە:
یەکەم: ڕاستبینی و ڕاستیدۆستی
ڕاستبینی مانای ئەوەیە کە کەس و کۆمەڵگا واقع وەک خۆی ببینن؛ نە وەک ئەوەی حەز دەکەن، نە وەک ئەوەی ترسەکانیان دەیانەوێت. ڕاستبینی پێویستی بە قبووڵکردنی هەقیقهتی دەرەوە هەیە: کێشەکان، تواناکان، لاوازییەکان، جیاوازییەکان، سەرکەوتنەکان و شکستەکان.
کۆمەڵگایەک کە ڕاستبینی تێدا نەبێت، ناتوانێت خۆی چاک بکات. چونکە چارەسەر تەنیا کاتێک دەتوانێت دروست بێت کە کێشە وەک خۆی بناسرێت.
دووەم: دادپەروەری و دادمەندی(ئینساف)
دادپەروەری ئەوەیە کە هەموو کەس لەبەر یاسادا یەکسان بێت. دادمەندی ئەوەیە کە حەقی هەر کەس بە پێی ڕۆڵ، توانایی، کار و پێویستییەکانی بە دروستی بدرێت. هەموو مرۆڤەکان لە شکۆ و مافە بنەڕەتییەکاندا بەرابەرن، بەڵام تواناکان، ڕۆڵەکان و بەرهەمەکان وەک یەک نین. سیستەمی دادپەروەر ئەو جیاوازییانە بە نادادپەروەری ناگۆڕێت.
سێیەم: ئازادی و ئازادیخوازی
ئازادی بنەمای ژیانی هاوچەرخە. کەسێک کە ئازادیی خۆی بەڕێز دەزانێت، دەبێت ئازادیی کەسانی تریش بەڕێز بزانێت. ئازادی تەنیا مافی خۆت نییە؛ پابەندییەکی ئەخلاقییە بەرامبەر بە مافی جیاوازبوونی ئەوانی تر.
ئازادی لە چوارچێوەی یاسای دادپەروەردا مانا دەدات. ئازادیی بێیاسا دەبێتە هەڕەشە بۆ ئەوانی تر؛ یاسای بێئازادی دەبێتە سەرەڕۆیی.
چوارەم: خۆشەویستی، هاوکاری و هاودەردی
کۆمەڵگای تەندروست تەنیا بە یاسا ناوەستێت؛ پێویستی بە سۆز، هاودەردی، هاوکاری و هەستی مرۆڤایەتی هەیە. کەسێکی تەندروست کاتێک سەرکەوتنی کەسانی تر دەبینێت، پێویست نییە ڕق یان ئیرەییی پێ ببێت؛ بەڵکوو دەتوانێت لێی فێر بێت و خۆی بەهێزتر بکات.
خۆشەویستی لێرەدا مانای رۆمانسی یان هەستی تایبەتی تەنیا نییە؛ بەڵکوو مانای ڕێز، هاوکاریکردن و قبووڵکردنی مرۆڤەکانە وەک بوونەوەری خاوەن ماف و شکۆ.
پێنجەم: شکۆی دەروونی و ڕێزگرتن لە تاکانەیی
هەر مرۆڤێک تاکانەیە. شێوازی ژیان، جلوبەرگ، خوێندن، کار، پەیوەندی، هەست، خۆشەویستی، زەوق، ژیانی تایبەتی و هەڵبژاردنەکانی تاک، مادام لە چوارچێوەی یاسا و مافی کەسانی تر بن، دەبێت ڕێزیان بگیرێت. سیستەمی تەندروست دەست لە ژیانی تایبەتیی خەڵک وەرنادەدات، ئەوان بە شەرمەزاری نازانێت، و ژیانی تایبەتی ناکاتە چەکێک بۆ سەپاندنی دەسەڵات.
١٢. سیستەمی سەپێندراو و لەناوبردنی متمانە
لە سیستەمی سەپێندراودا متمانە بنکۆڵ دەکرێت. کاتێک جنێو، هەڕەشە، چاوسوورکردنەوە، ڕسواکردن، شایعات، سزا و پەلامار دەبن بە بەشێک لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، خەڵک فێر دەبن بە گومان بژین. هیچ کەس بە هیچ کەس متمانە ناکات. هاوکاری کەم دەبێتەوە. داهێنان پاشەکشە دەکات. راستگۆیی دەبێتە مەترسی. خۆگونجاندن و بێدەنگی دەبن بە شێوازی مانەوە.
لەم بارودۆخەدا، کۆمەڵگا بە شێوەیەکی هێواش نەخۆش دەکەوێت. فشاری دەروونی، بێمتمانەیی، بێهیوایی، تووڕەیی، خۆپاراستنی زیاد و دوورەپەرێزی، گومان، ترس، هەژاریی ئەخلاقی و لاوازیی پەیوەندییەکان بڵاو دەبنەوە. کۆمەڵگا لە جیاتی ئەوەی هێزەکانی بۆ داهێنان، پەروەردە، ئابووری و پێشکەوتن بخاتە کار، هێزەکانی بۆ خۆپاراستن لە سیستەم خەرج دەکات.
١٣. گومان، ترس و دووبارەکردنەوەی گوتەی گشتی
لە سیستەمی ژێر گوشاردا، خەڵک فێر دەبن ئەوە بڵێن کە سیستەم دەیەوێت بیبیستێت، نەک ئەوەی ڕاستە. بە زمانی کوردی دەوترێت: “لەگەڵ عامێ بچۆ شامێ.” بە زمانی فارسیش دەڵێن: “گر خواهی نشوی رسوا، همرنگ جماعت شو.” ئەم دەربڕینانە نیشانەی ژینگەیەکن کە تێیدا ڕاستگۆیی تێچووی هەیە و هاورەنگبوون بە جەماعەت دەبێتە تاکتیکی خۆپاراستن.
بەڵام کۆمەڵگایەک کە زۆربەی خەڵک تێیدا بۆ خۆپاراستن قسەی ڕاست ناکەن، ناتوانێت سیستەمێکی باش دروست بکات. چونکە زانیاریی ڕاست ناگاتە دامەزراوەکان، ڕەخنەی ڕاست دەکوژرێت، و کێشەکان تا قۆناغی تەقینەوە پەنگ دەخۆنەوە.
١٤. کاریگەریی سیستەمی سەپێندراو لەسەر ئابووری
سیستەمی سەپێندراو تەنیا کێشەی سیاسی دروست ناکات؛ ئابووریش تێکدەدات. کاتێک یاسا لە خزمەتی گشتی نەبێت، بەڵکوو لە خزمەتی تاک، حیزب، بنەماڵە یان گرووپێکی دەسەڵاتدار بێت، بازاڕ شەفافیەت لەدەست دەدات. ئەوەش دەبێتە هۆی پاوانکاری، گەندەڵی، لاوازیی کێبڕکێ، ڕاگرتنی داهێنان، هەڵاتنی سەرمایە و دابەزینی ئاستی ژیان.
لەو جۆرە بارودۆخەدا، کۆمەڵگا دابەش دەبێت بۆ زۆرینەیەکی هەژار و کەمینەیەکی دەوڵەمەندی پاوانکار. ئەو کەمینەیە لە زاراوەی سیاسیی هاوچەرخدا زۆرجار بە ئۆلیگارک ناودەبرێت؛ واتە ژمارەیەکی کەم لە کەسان کە سەروەت، دەسەڵات، پەیوەندی و بڕیاری سیاسی و ئابوورییان قۆرخ کردووە. لە سەرەوەی ئەم سیستەمەش زۆرجار سەرکردە یان گرووپێکی بچووک هەیە کە ڕێچکەی وڵات دیاری دەکات.
ئابوورییەکی لەم شێوەیە ناتوانێت بەردەوام بێت. چونکە بازاڕی ڕاستەقینە، دادگای سەربەخۆ، یاسای گشتی، متمانە، کێبڕکێ، زانیاریی ڕوون و دامەزراوەی بەهێز پێویستن. ئەمانە لە سیستەمی سەپێندراودا لاواز دەبن.
١٥. ئێران و ڕووسیا وەک دوو نموونەی سیستەمی سەپێندراو
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێران نموونەیەکی گرنگە بۆ سیستەمێک کە تێیدا ئایدۆلۆژیا، دەسەڵاتی دینی، دامەزراوەی ئەمنی، ڕاگەیاندن و سیاسەتی دەرەوە بە شێوەیەکی توند بەیەکەوە گرێ دراون. ئەم جۆرە سیستەمە زۆرجار لە جیاتی ئەوەی کێشەکانی ناوخۆ بە شێوەی دامەزراوەیی چارەسەر بکات، هەوڵ دەدات بە پڕوپاگەندە، سەپاندن، هەڕەشە و دۆزینەوەی دوژمنی دەرەکی خۆی ڕابگرێت. ئەنجامەکە زۆرجار گەمارۆ، بێمتمانەیی، فشار، هەڵاتنی سەرمایە و توندبوونەوەی ناکۆکیی ناوخۆییە.
ڕووسیاش، بە جیاوازیی مێژوویی، جوگرافی و ئابوورییەوە، نموونەیەکی ترە بۆ سیستەمێکی سەرەڕۆ کە تێیدا دەسەڵات لە دەستی ناوەندێکی بچووکدا کۆدەبێتەوە، ئۆلیگارکەکان سەرچاوەی داراییی وڵات قۆرخ دەکەن، ڕاگەیاندن کۆنترۆڵ دەکرێت و ناسیۆنالیزم دەکرێتە پاساو بۆ سیاسەتی توند. لەم شێوەیەدا، ناسیۆنالیزم لە جیاتی ئەوەی ببێتە هۆی ڕێزگرتن لە گەل، دەبێتە ئامرازێک بۆ سەپاندنی دەسەڵات و بەردەوامکردنی شەڕ.
ئەم دوو نموونەیە نیشان دەدەن کە کاتێک سیستەم لە ڕاستی، یاسا، ماف، شەفافیەت و بەشداریی گشتی دوور دەکەوێتەوە، سەرەنجام تەنیا خەڵک زیانمەند نابن؛ خودی دەسەڵاتیش دەچێتە ناو بنبەست.
١٦. جیاوازیی سەرکەوتن و بردنەوە
گرنگە جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان “سەرکەوتن” و “بردنەوە”دا دابنرێت. بردنەوە دەتوانێت بە هەر شێوەیەک بەدەست بێت: بە فێڵ، بە ترساندن، بە جنێو، بە دەسەڵات، بە پاوانکاری، بە لابردنی ڕکابەر. بەڵام سەرکەوتن بە توانایی، زانیاری، ئەخلاق، بەرهەم، بەشداری، متمانە و کێبڕکێی دادپەروەر بەدەست دێت.
کەسێک یان سیستەمێک کە تەنیا “دەباتەوە”، بەڵام سەرکەوتنی ڕاستەقینە دروست ناکات، لە کورتماوەدا بەهێز دەردەکەوێت، بەڵام لە درێژماوەدا کۆمەڵگا لاواز دەکات. سیستەمی سەرکەوتوو ئەوەیە کە توانای نوێ قبووڵ بکات، ڕەخنە بە مەترسی نەزانێت، یاسا لەسەر بەرژەوەندیی گشتی دابنێت، و کۆمەڵگا بەرەو داهێنان و پێشکەوتن ببات.
١٧. پەروەردە و چارەسەری کۆمەڵایەتی
چارەسەری دیاردەی جنێودان، سووکایەتیکردن و خۆسەپاندنی سیاسی تەنیا بە سزا ناکرێت. سزا لە هەندێک باردا پێویستە، بە تایبەتی کاتێک سووکایەتیکردن دەبێتە هەڕەشە، پەلامار، توندوتیژی یان سەرپێچیی یاسا. بەڵام چارەسەری قووڵتر لە پەروەردەدایە.
پەروەردەی تەندروست دەبێت منداڵ فێر بکات کە جیاوازی مەترسی نییە؛ ڕەخنە دوژمنایەتی نییە؛ شکست کۆتایی ژیان نییە؛ متمانە بە خۆ بە شکاندنی بەرامبەر دروست نابێت؛ و سەرکەوتن بە بەرهەم و توانایی بەدەست دێت، نە بە جنێو و ترساندن.
کۆمەڵگایەک کە پەروەردەی زانستی، یاسای دادپەروەر، ڕاگەیاندنی بەرپرسیار، دامەزراوەی سەربەخۆ و کێبڕکێی ئاشتییانەی سیاسی هەبێت، زەمینەی کەمتر دەدات بە کەسایەتیی خۆسەپێنەر. بە پێچەوانەوە، کۆمەڵگایەکی پڕ لە ترس، هەژاری، خێزانە توندوتیژەکان، حیزبییەتی کوێرانە و پاوانکاری، زەمینەی گەشەکردنی ئەم جۆرە ڕەفتارانە زیاتر دەکات.
با ئەنجامێک لەم قسانە هەڵێنجین
جنێودان و سووکایەتیکردن لە سیاسەتدا دیاردەیەکی سادە و کاتی نییە. ئەو دەتوانێت نیشانەی کێشەیەکی قووڵ بێت لە تاک، خێزان، کۆمەڵگا و سیستەمی سیاسی. کاتێک جنێو دەبێتە شێوازی گشتیی گفتوگۆ، کۆمەڵگا هێواش هێواش متمانە، ڕاستبینی، دادپەروەری، ئازادی و هاوکاری لەدەست دەدات.
لە سیاسەتدا، جنێو زۆرجار پێشەکیی سەرەڕۆییە. یەکەم زمان توند دەبێت، پاشان ڕاگەیاندن توند دەبێت، دواتر یاسا دەکرێتە ئامرازی فشار، و سەرەنجام کۆمەڵگا دەچێتە ژێر دەسەڵاتی ترس و تۆقاندن. لە سیستەمی لەم جۆرەدا کەسایەتیی خۆسەپێنەر، ئۆلیگارک، پاوانکار، پڕوپاگەندەچی و دەسەڵاتداری سەرەڕۆ گەشە دەکەن؛ بەڵام زانیاری، داهێنان، متمانە، ئابووریی تەندروست و ژیانی ئازاد پاشەکشە دەکەن.
چارەسەر لە بنەڕەتدا بریتییە لە دامەزراندنی سیستەمێکی یاسایی و پەروەردەیی کە لەسەر پێنج بنەمای ئەخلاقی هاوچەرخ بونیاد نرابێت: ڕاستبینی، دادپەروەری، ئازادی، هاوکاری و ڕێزگرتن لە شکۆ و تاکانەیی مرۆڤ. کۆمەڵگایەک کە ئەم بنەمایانە بە جیددی بگرێت، کەمتر دەکەوێتە ژێر دەستی کەسانی جنێودەر و خۆسەپێنەر. بە پێچەوانەوە، کۆمەڵگایەک کە ئەم بنەمایانە پشتگوێ بخات، زەمینە بۆ توندوتیژی، گومان، گەندەڵی، پاوانکاری و سەرەڕۆیی دروست دەکات.
لە کۆتاییدا، مەسەلە تەنیا ئەوە نییە کە جنێو ناشارستانییە. مەسەلە ئەوەیە کە جنێو، کاتێک دەبێتە سیاسەت، دەبێتە ئامرازی لەناوبردنی متمانە، شکۆ و ئازادی. کۆمەڵگایەکی تەندروست دەبێت ئەم ڕەفتارە وەک نیشانەی مەترسی بناسێت، نە وەک هەڵچوونی ئاسایی. بەهێزترین وڵات و کۆمەڵگا ئەوانەن کە ناکۆکی لە ڕێگای عەقڵ، یاسا، گفتوگۆ، دادپەروەری و زانیاری چارەسەر دەکەن؛ نە بە جنێو، سووکایەتی، ترساندن و خۆسەپاند”.






























































