ڕۆژان قیاس_زاری کرمانجی:
هاووڵاتییانی گوندی کەڕەک نیگەرانن لە تەواو نەکردنی پرۆژەی چاککردن و قیرتاوکردنی ڕێگای گوندەکەیان و دەڵێن” لە ساڵی 2013 ەوە بڕیاری قیرتاوکردنی ڕێگای گوندەکەمان دەرچووە و گوژمەی 160 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کرابوو، بەڵام تەنیا دیوارێکی پاڵپشت و پردێک دروست کراون و دوای ئەوە پرۆژەکە وەستاوە و ماوەی دە ساڵە چاوەڕێ دەکەین تا ئێستا ڕێگاکە قیرتاو نەکرایە”.
هاووڵاتییانی ئەم گوندە لە ڕێگەی زاری کرمانجییەوە داواکاران لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و لایەنی پەیوەندیدار لە قەزاکەیان کە پرۆژەی چاککردن و قیرتاوکردنی ڕێگەی گوندەکەیان بخرێتە چوارچێوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئێستا و ڕێگاکەیان بۆ چاک بکرێت و چاوەڕوانی ئەوانیش بە کۆتا بەهێت.
بۆ ئەم مەبەستە ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای ڕواندز بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” ئەم پرۆژەیە وەک زۆربەی پرۆژەکانی تر بەهۆی شەڕی داعش و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی ڕاگیرا، لە ڕێگەی داواکاری بەڵێندەر داوامان لە ئیدارەی سۆران کردووە بۆ خەرجکردنی سولفەی پێشینە، بۆ ئەوەی دەست بە پرۆژەکە بکرێتەوە، ئیدارەش بە پێی پلانی خۆی وادەی دەست پێکردنەوەی پرۆژەکە دەکاتەوە”.