محمد باپیر مەمەندی
لە مێژووی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زۆرجار ئاین نەک تەنها وەک باوەڕێکی ڕۆحی، بەڵکو وەک ئامرازێکی سیاسی و دەسەڵاتیش بەکارهاتووە. کوردیش، وەک گەلێکی بێ دەوڵەت و دابەشکراو لەنێوان چەند دەوڵەتدا، یەکێک بووە لەو میللەتانەی زۆرترین کاریگەریی ئەو بەکارهێنانەی لێ کەوتووەتەوە.
کاتێک باس لە پەیوەندی نێوان “ئاین و کورد” دەکرێت، پێویستە جیاوازی لەنێوان ئیسلام و هەڵسوکەوتی هەندێک دەسەڵات بکەین. چونکە زۆرجار ئەوەی بە ناوی ئاین ئەنجامدراوە، زیاتر بریتی بووە لە خزمەتی سیاسەت و نەتەوەپەرستی، نەک ڕاستیی ئاین.
کورد لە ڕووی مێژووییەوە گەلێکی دیندار بووە. شار و گوندەکانی کوردستان پڕن لە مزگەوت و قوتابخانەی ئاینی، و ناوە ئیسلامییەکان لەنێو خێزانەکاندا بەردەوام بوون. زۆرێک لە زانایانی ئیسلامیش لەم خاکە هەڵکەوتوون. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەمیشە هەوڵدراوە کورد بە وشەی وەک “کافر”، “مولحید”، “فاسق” یان “بێ دین” ناسێندرێت؛ تەنها چونکە داوای ماف و بوونی خۆی کردووە.
ئەگەر بە ڕاستی پرس بکرێت: “کێ یەکەم خیانەتی بە ئیسلام کرد؟” وەڵامەکە بە قسەی هەستیارانە نەبێت، بەڵکو بە خوێندنەوەی مێژوویی بێت. ئەوە ڕاستە کە زۆر لەو دەوڵەتانەی بە ناوی ئیسلام حوکمیان کردووە، خۆیان زۆرجار بنەماکانی داد و یەکسانییان پێشێل کردووە. لە فەلەستینەوە تا کوردستان، زۆرجار سیاسەت و بەرژەوەندی نیشتمانی لەسەر بنەمای ئاین زاڵ بووە.
کاتێک دەسەڵاتێک بە ناوی “جیهاد” هێرش دەکاتە سەر گەلێک کە تەنها داوای زمان و ناسنامە و مافی خۆی دەکات، ئەوە مانای ئەوەیە ئاین کراوەتە پرداخێکی سیاسی. ئێستا ئەگەر هەر دەوڵەتێک، چ تورکیا بێت یان عێراق یان ئێران، بە ناوی ئیسلام مافی کورد ڕەت بکاتەوە، ئەوە ناکرێت بە ئیسلام حساب بکرێت؛ چونکە ئیسلام لە بنەڕەتدا پشتیوانی لە مەزلوم دەکات، نەک لە ستەمکار.
ئەوەی لە عەفرین، هەولێر، کەرکووک یان هەندێک ناوچەی تر ڕوویدا، شەڕی ئاین نەبوو؛ شەڕی نەتەوە و بەرژەوەندی بوو. بەڵام هەندێک هەوڵیاندا ئاین ببێتە شەرعییەت بۆ ئەو شەڕە. ئەمەش مەترسیدارترین جۆری بەکارهێنانی ئاینە، چونکە پیرۆزیی باوەڕ دەخاتە خزمەتی دەسەڵات.
ڕێفراندۆمی باشووری کوردستانیش نموونەیەکی تر بوو. کورد نە خاکی کەسی داگیرکرد، نە هێرشی کردە سەر وڵاتێک؛ تەنها داوای ئەوەی کرد مافی چارەنووسی خۆی دیاری بکات. بەڵام هەر کاتێک کورد هەوڵی نزیکبوونەوەی ئازادی داوە، هاوپەیمانییەکی ناوچەیی دروست بووە بۆ ڕاگرتنی. ئەمەش نیشانەی ترسی دەوڵەتانە لە بوونی کورد، نەک هەڵەی کورد.
لە فەلسەفەی مێژوودا، هەمیشە گەلە بێ دەوڵەتەکان زیاتر تووشی ستەم بوون، چونکە دەنگیان کەمتر بیستراوە. بەڵام مێژوو هەرگیز تەنها بە هێز نانووسرێت؛ بە ئاراستەی ویستی گەلەکانیش دەنووسرێت. کورد، سەرەڕای هەموو فشار و ستەمەکان، هێشتا زمان و ناسنامە و هیوا و خەونی ئازادیی پاراستووە.
بۆیە کێشەکە لە نێوان “ئاین و کورد” نییە، بەڵکو لەنێوان “داد و ستەم” ـدایە. هەرکات ئاین بۆ خزمەتی مرۆڤ و عەدالەت بەکاربهێندرێت، نزیک دەبێتەوە لە ڕاستیی خۆی؛ بەڵام کاتێک دەبێتە ئامرازێکی سیاسی بۆ شکاندنی میللەتێک، ئەوا پیرۆزیی خۆی لەدەست دەدات.





























































