سەرۆكی شارەوانی سۆران : 4400 مامەڵەی خانووی زێدەڕۆی پێشكەش بە شارەوانی سۆران كراوە بۆ تاپۆكردنیان
زاری كرمانجی-سۆران:
سەرۆكی شارەوانی سۆران، دەڵێت، تا ڕادەیەكی باش توانراوە ڕێگری لە زێدەڕۆیی بكرێت دەشڵێت، 4400 مامەڵەی خانووی زێدەڕۆی پێشكەش بە شارەوانی سۆران كراوە بۆ تاپۆكردنیان.
كاوە نەجیم، سەرۆكی شارەوانی قەزای ناوەندی سۆران، بۆ زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” تا ڕادەیەكی باش توانراوە ڕێگری لە زێدەڕۆیییەكان بگیرێت، ئەو كەسانەش كە زێدەڕۆیان كردووتە سەر موڵكی شارەوانی، بە دروستكردنی خانوو دووكان و هەر جۆرە بینایەك بێت، یان پرۆژەیەكی دیكە بێت، سەرەتا ئاگادار دەكرێتەوە ئەگەر خۆیان زێدەڕۆیییەكەیان لا نەبرد، سەرووی خۆمان و ئیدارەی قەزاكە ئاگادار دەكەینەوە و هەوڵی تێكدانی زێدەڕۆیەكە دەدرێت، ئەگەر لە كاتی هەڵگرتنی زێدەڕۆیەكەی ڕووبەڕووی لایەنە پەیوەندیدارەكان بوونەوە، دادوەر بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەردەكات و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ دەكرێت، تا ئەو كاتەی خۆیان زێدەڕۆیییەكە هەڵدەگرن و بەڵێننامە پڕ دەكەنەوە ئەو كات ئازاد دەكرێن.”
ئاشكراشی دەكات:” بۆ ئەو كەسانەی خانوویان بە زێدەڕۆیی دروست كردووە، بە پێی یاسایی ژمارە (7)ی 2021ی تۆماری خانووبەرە، لەم ساڵدا زیاتر لە 4400 مامەڵەی خانوو لەلایەن دانیشتووانی قەزای سۆران پێشكەش كراوە، بە مەبەستی تاپۆكردنیان، پێشبینی دەكرێت خانووی زۆر زیاتر هەبن كە تا ئێستا لەلایەن هاووڵاتییانەوە داواكاری پێشكەش بە شارەوانی نەكراوە، دوای وەرگرتنی مامەڵەكان زیاتر ئەو خانووانە تاپۆ دەكرێن كە لەگەڵ نەخشەی بنەڕەتی شارەوانی بگونجێن، بۆ ئەوانەی دیكەش هەوڵەكانمان بەردەوامە لە ڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتمەند بە پێداچوونەوە بە نەخشە و هەندێك گۆڕانكاری دەكرێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش سوودمەند بن”.