د. عادل حوسین
دابەزینی پەستانی خوێن Hypotension ئەو كاتە مەترسیدار دەبێت كە تا ئاستێكی زۆر كەمتر لە 90/60 ملم جیوە دادەبەزێت و دەبێتە هۆی سەرسووڕان، لەهۆشچوون ئینجا كەوتن كە لەوانەیە ببێتە ئەگەری برینداربوون یان شكانی ئێسكەكانی لەش و ژیان بە توندی بكەوێتە بەر مەترسیی مردن.
كە پەستانی خوێن بۆ كەمتر لە 90/60 ملم جیوە دادەبەزێت، ئەوا خوێن بە رێژەیەكی كەمتر دەگاتە مێشك و ئەندامەكانی تری لەش، ئەمەش هۆكارە بۆ سەرهەڵدانی چەند نیشانەیەكی وەكو: هەستكردن بە سووكبوونی سەر، ڵێڵبوونی بینین، هەستكردنی بەردەوام بە بێهێزی و هیلاكی، هێڵنج، سەرسووڕان و كەوتن بەتایبەتی لەكاتی وەستاندا، لە هەندێك كەسدا شێوان، ساردبوونی پێست، خێرابوونی هەناسە، هەروەها لە حاڵەتە سەختەكانی دابەزینی زۆری پەستانی خوێندا، كاریگەریی نەرێنی توند دەكەوێتە سەر ئەندامەكانی دڵ، مێشك، گورچیلە.
هۆكارە باوەكانی دابەزینی پەستانی خوێن: كەمبوونەوەی رێژەی شلەی لەش، ماوەی زۆر لە نێوان ژەمەكانی خواردندا، گرفتەكانی دڵ، گرفتی هۆرمۆنی لەگەڵ هەوكردنە میكرۆبییەكان.




























































