ئیحسان سەید کریم
ڕاسپاردنی عەلی فالح کازم زەیدی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، لە ناوەندە سیاسییەکاندا، وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ چارەسەری قەیرانەکانی وڵات دەبینرێت. زەیدی کە پاشخانێکی دارایی و ئەکادیمی هەیە، وەک کاندیدێکی تەکنۆکرات ناسێندراوە؛ ئەمەش هیوای ئەوەی دروست کردووە کە بتوانێت لەنێوان هێزە سیاسییە جیاوازەکاندا هاوسەنگی دروست بکات.
هەولێر و بەغدا؛ لە چاوەڕوانیی گۆڕانکاریدا
بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم گۆڕانکارییە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەهۆی کێشەکانی بودجە، مووچە و داهات ئاڵۆز بوون. چاودێران پێیان وایە، شارەزایی زەیدی لە بواری بانک و دارایی دەتوانێت ڕێگایەکی نوێ بۆ گفتوگۆی نێوان هەولێر و بە غدا بکاتەوە، بە تایبەتی لە پرسی مووچە و مافە داراییەکاندا.
کات؛ گەورەترین بەربەست لەبەردەم زەیدی
جگە لە کێشە سیاسییەکان، “کات” بووەتە گەورەترین کێشە بۆ عەلی زەیدی. بەپێی دەستوور، تەنها ٣٠ ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی. ئەمە لە کاتێکدایە کە ملمملانێیە یالیەنەکان لەسەر پشکەکان بەردەوامە و هاوکات سەفەری ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتاران بۆ گەشتی حەج، مەترسی دروستکردنی بۆشایی یاسایی و تەواونەکردنی نیسابی پەرلەمانی هێناوەتە ئاراوە.
تاقیکردنەوە سەختەکان دۆسیە گرنگەکان وەک یاسای نەوت و غاز، هەناردەی نەوت و چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکان، هێشتا لە تاقیکردنەوە، هەرە گەورەکانی بەردەم کابینەی نوێ دەژمێردرێن. ئەگەر حکومەتی نوێ بتوانێت لەم ماوە کورتەدا دیالۆگێکی جددی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات، لەوانەیە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا سەرهەڵبدات.
ئەنجام
سەرکەوتنی عەلی زەیدی بەندە بەوەی تا چەند دەتوانێت لەنێوان داواکارییە سیاسییەکان و پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکاندا هاوسەنگی ڕابگرێت و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەولێر و بەغدا بەرەو چارەسەری ڕاستەقینە بیبات.






























































