ئاژانسی هەواڵی فارس، کە دەزگایەکی میدیایی سەر بە سپای پاسدارانە، لە ڕاپۆرتێکدا جەختی لەسەر پێویستی ئێران بە سەروەریی تەواوەتی بەسەر ڕێگا خێراکانی پەیوەندییە دیجیتاڵییەکانی ناوچەکەدا کردەوە و نووسیویەتی:” تێپەڕاندنی کێبڵی ئینتەرنێتی ژێردەریایی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەبێت بە مۆڵەت و پێدانی پارەی ڕێگەپێدان ئەنجام بدرێت.
هەروەها کۆمپانیا بیانییەکانیش بەپێی یاساکانی ئێران کاردەکەن، بە ئاماژەدان بەوەی کە زیاتر لە سەدا ٩٩ی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی ئەم کێبڵانەوە ئەنجام دەدرێن.
دەزگای میدیایی نووسیویەتی؛ ئەم ژێرخانانە بە بڕبڕەی پشتی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیای جیهانی وەک گووگڵ و مێتا و مایکرۆسۆفت دادەنرێت و پەککەوتنەکانیان دەتوانێت ببێتە هۆی دەیان بۆ سەدان ملیۆن دۆلار زیان بە ئابووری جیهانی بگەیەنێت.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە؛ کە بەشێکی بەرچاوی ئەم تۆڕە پەیوەندییە لە ناوچەیەکدایە کە ئێران دەتوانێت سەروەری بەسەریدا جێبەجێ بکات، تەنانەت مافی تێپەڕبوونی ترانزێتیش ئەم سەروەرییە لەناو نابات.
ئاژانسی هەواڵی فارس لە مۆدێلی پێشنیارکراوی خۆیدا بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ڕێڕەوی ئاوی ستراتیجییە جەختی لەوە کردەوە، کە بەڕێوەبردن و چاککردنەوە و پاراستنی ئەم کێبڵانە تەنیا بە کۆمپانیا ئێرانییەکان بسپێردرێت و بەمەش گەرووی هورمز بۆ یەکێک لە لیڤەرە سەرەکییەکانی هێزی دیجیتاڵی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەگۆڕێت.































































