نووسینی : کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
بەنەشارەزایی بەکارهێنانی گژوگیای پزیشکی بۆ چارەسەری نەخۆشی، لە ماددە هۆشبەرەکان مەترسیدارترە بۆ تەندروستی مرۆڤ>
ڕووەکەکان یان درەختەکان یان گژوگیاکان: بوونەوەرێکی زیندوون، چەندین شێوە و قەبارەیان هەیە، لە ڕووەکە سەرخەسیەکانەوە کە قەبارەیان بچوکە تاکو دەگات بە درەختە گەورە بەرزەکان.
زۆربەی ڕووەکەکان لەسەر ڕووی زەوی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە ماددەی ژەهراویان تیایە کە بۆ بەرگریکردن لە خۆیان بەکاری ئەهێنن، بەڵام کاریگەری ئەم ماددە ژەهراویانە لە ڕووەکێکەوە بۆ ڕووەکێکیتر جیاوازە، هەندێکیان بێهۆشکەرو هەندێکی تریان کوژەرن.
ئایا زانیوتە کە تۆوی سێو و گێلاس و قۆخ بڕیک ژەهریان تیادایە؟
ئەگەر بە ڕێژەیەکی زۆر بخورێن مەترسیان هەیە لەسەر تەندروستی.
زۆر ڕووەکی ژەهراوی مەترسیدار لە باخەکانماندا هەیەو ڕەنگە هەستمان پێ نەکردبێت و شارەزاییمان نەبێ، بۆیە گرنگە زانیاری دەربارەیان بزانین و ئاگاداریان بین.
بەکارهێنانی هەر گژوگیایەکی پزیشکی بۆ مەبەستی چارەسەری نەخۆشی، ئەگەر زانیاری و شارەزایی باشت نەبێت و خول و ڕاهێنانی زانستی لە بواری میکانیزمی بەکارهێنانی گژوگیای پزیشکیەکان نەبینیبێت و بەشێوەیەکی زانستی و تەندروست ئامادە نەکرێت، بەدڵنیایی دەبێتە ژەهر و ئەگەری هەیە تەندروستی نەخۆش و بەکارهێنەر تێکبچێت و بیکوژێت، یان ببێتە هۆی نەخۆشیەکی درێژخایەن تا کۆتا تەمەنی پێوەی بناڵێنێ.
نزیکەی ٨٥ جۆر ڕووەکی ژەهراوی هەیە کە زۆربەیان بە شێوەی سروشتی دەڕوێن و لە عێڕاق و کوردستان بونیان هەیە.
ئەوەی ئێستا ئێمە دەیزانین و ئاگادارین خەڵکێکی زۆر لەبواری دەرمانی گیایی کاردەکەن، هیچ زانیاری و شارەزاییەکی زانستی و پزیشکیان نیە لەسەر گژوگیا پزیشکیەکان بۆ مەبەستی چارەسەری نەخۆشی، زۆر جار نەخۆش چووە بۆلایان، دەرمانی گیاییان پێداوە و نەخۆش و بەکارهێنەری دەرمانە گیاییەکە تووشی حاڵەتێکی نەخوازراو بووە وەک: پلەی گەرمی لەشی بەرزبۆتەوە، لێدانی دڵی زیادی کردووە، فشاری خوێنی بەرزکردۆتەوە، هێڵنجی هاتووە و ڕشاوەتەوە، سەری گێژبووە، بێ هێز بووە، تووشی سک ئێشە بووە، ڕیخۆڵەکانی تەمبەڵ بووە، قەبز بووە، خوێنی کەمی کردوە، شەکرەی بەرزکردۆتەوە، نەزۆک بووە، ئیشتیهای خواردنی نەماوە، خوێنی خەست بۆتەوە، جەستەی دەلەرزێت و پەستانی خوێنی زۆر نزم کردۆتەوە ….هتد
بەتایبەتی ئەو دەرمانە کیمیاویانەی بەناوی دەرمانی گیایی و چارەسەری سروشتی دەیفرۆشن بە ئۆنڵاین، وەک: دەرمانی قەڵەوی دەم و چاو و جەستە بەگشتی، قەلەوکردنی لێوەکان، گەورەکردن و بچوکردنەوەی سینگ، مەمک، و سمت و ڕان، بچوکردنەوەی زاوزێی مێینە و گەورەکردنی زەکەری پیاو!
فرۆشتنی هەر جۆرە دەرمانێکی کیمیاوی بەناوی دەرمانی گیایی و سروشتی، لەلایەن پەیجی ئۆنڵاین و بەهارات فرۆشەکان یان لای ئەو کەسانەی شارەزانین لەشێوازی میکانیزمی بەکارهێنانی گژوگیای پزیشکی و دەیفرۆشن بەنەخۆش و خەڵکی بەکارهێنەر، ئەو جۆر دەرمانە گیایی و کیمیاویانە ژەهرن و نەخۆش و بەکارهێنەر دەکوژن.
بۆیە هەر کات ویستت گژوگیای پزیشکی بەکاربێنی، تکایە ڕاوێژ بکە و بڕۆ بۆ لای پزیشکی پسپۆڕی دەرمانی گیایی و کەسانی شارەزا لەبواری دەرمانی گیایی، خۆتان بەدوور بگرن لەپەیجی ئۆنڵاین و کەسانی نەشارەزا و بەهارات فرۆشەکان، کەسانی کەم ئەزموون لەبواری گژوگیای پزیشکی.






























































