ماڵپەڕی کۆمیۆن لایبرەری سەر بە پەرلەمانی بەریتانیا لە ڕاپۆرتێکیدا زانیارییەکی نوێی بە پەیوەندییەکانی ترەمپ لەگەڵ کاندیدی ڕاسپێردراوی عێراق بڵاوکردەوە.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەکردووە دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کردووە، بەڵام ئەم پشتیوانییە وەک “پەسەندکردنێکی مەرجدار وەسف کراوە و مەرجی سەرەکی ئەمریکا پێکهێنانی حکومەتێکە کە “خاڵی بێت لە تێرۆر” و دوور بێت لە هەژموونی ئەو گرووپە چەکدارانەی واشنتۆن وەک تیرۆریست ناویان دەبات.
باس لەوەشکراوە، کاری لەپێشینەی ئێستای ئەمریکا لە عێراق بریتییە لە چەکداماڵێنی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن و هەندێک سەرچاوەی میدیاییش باس لەوە دەکەن کە یەکێک لە مەرجە نهێنییەکان کارکردنە بۆ “هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی” یان لانی کەم سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی و داماڵینی چەکە قورسەکانیان.
هاوکات ترەمپ بە فەرمی بانگهێشتی عەلی زەیدی کردووە بۆ سەردانی کۆشکی سپی، بەڵام ئەم سەردانە دوای تەواوبوونی پێکهێنانی کابینەی حکومەت و دڵنیابوونەوە لە شێوازی کارکردنی حکومەتەکە دەبێت.





























































