د. سەردار عەزیز
سەرەتا با ساتێك بگەڕێینەوە دواوە. لە جەنگی جیهانی دووەم، ئەوەی شكستی بە سوپای ئەڵمانیا هێنا، لە سەری هەمویەوە، نەمانی گاز و بەنزین بوو، كە دەبابە كاریگەرەكانی ئەڵمانیا كاتێك سوتەمەنییان نەبوو، بێكەڵك بوون.
ئەمە وانەیەك بوو بۆ ئەمریكا كە چۆن توشی دۆخێكی وەها نەبێت، بۆیە ڕێكەوتنی ئەمریكا و سعودیە هەرزوو پاش جەنگی جیهانی دووەم لە ڕۆژی ڤەلەنتاینی لە ساڵی ١٩٤٥ لە نێوان ڕۆزفیلت و ئیبن سعوددا واژۆ كرا.
ئەم ڕێكەوتنە وەك نەوت بەرامبەر ئاسایش دەناسرێت، لە ڕاستیدا ئاسایش بەرامبەر ئاسایشە، چونكە كاتێك ئەمریكا ئاسایشی سعودیەی دابین دەكرد، سعودییەش ئاسایشی وزەی ئەمریكای دابین دەكرد.
ئێستا جارێكی تر ئەمریكا بە ئاگاهاتەوە، كە ناتوانێت بە ئاسانی ناوچەی كەنداو و بەردەوامبونی ڕۆشتنی وزە فەرامۆش بكات، هەرچەندە خۆشی برێكی زۆری وزەی خۆی بەرهەم بهێنێت. نوخبەی ئەمریكی بەهەڵەدا چووبون، كاتێك وەهایان دەبینی كە قەیرانی وزە لە كەنداو كاریگەری نیە لە سەریان.
ئەگەر سەیری دواین ستراتیژی نیشتمانی ئەمریكا بكەیت دەبینیت كە بە ڕاشكاوانە دەڵێت: بایەخی ئەمریكا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆكاری وزە و ململانێی زلهێزەكان و زۆری قەیرانەوەبوو. بەڵام لە دیدی ئەم ئیدارەیەوە وزە و ململانێی زلهێز كاریگەری لە سەر ئەمریكا نەماوە.
لە ڕاستیدا مەترسی وزە بۆ ئەمریكا تەنها لە خودی وزەدا نیە، بەڵكو لە هۆكاری تردایە. چونكە نەوت بە دۆلارە، كاتێك نەوت لە دونیادا گران دەبێت، لە ئەمریكاش گران دەبێت. لە ڕاستیدا كۆمپانیان نەوتییە ئەمریكیییەكان ئەمەیان پێباشە، بەڵام خەڵك دژیەتی. دوەم، ئەگەر ئەمریكا واز لە كەنداو بهێنێت، ئەگەری زۆرە پێكەوەبەستنی نەوت و دۆلار كۆتایی بێت، كە لە ئەنجامدا دەبێته هۆكاری ئەوەی كە دۆلار بەو ڕێژەیە لە دونیادا پێویست نەبێت و لە ئەنجامدا ڕێژەی بێكاری لە ئەمریكا بگاتە ٢٠%. بەڵام نەمانی دۆلار بە دراوی جیهانی توانای ئابلۆقەدانی ئەمریكا بۆ وڵاتانی تر، وەك چەكێك، تەواو لاواز دەكات.
كەواتە ئەم ئیدارەیە لەوە بەئاگابوەوە كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەیگواستوەتەوە بۆ قۆناغێكی تر. هەرچەندە لە ستراتیژەكەدا باس لە تەنگەی هورمز دەكات، بەڵام چاوەروانی داخستن و لێدانی كەنداونەبوو، چونكە ئێران وەك لاوازێك وێناكراوە.
لە وێنە گەورەكەدا، ئەمریكا دەبێت ئەو وانەیە فێربێت، ناتوانێت لە دونیا بكشێتەوە و بە وڵاتێكی گەورە بمێنێتەوە. بەڵام ئەگەر جاران شەڕەكان ئەمریكایان بەهێز دەكرد، ئێستا شەڕەكان ئەمریكا نە لە ناوەوە و نە لە دەرەوە بەهێز ناكەن، بە تایبەتی كاتێك ئەمریكا خاوەنی هیچ چیرۆكێك نیە، ئەوا ئەمریكا لە دایلەمایەكی قوڵدایە: چۆن شەڕ بكەین كە پێویستمانە، بەڵام نامانەوێت؟





























































