ئەشقی مەلا شێرۆكی
سەردانە فەرمییەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاک مەسرور بارزانی، بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا، بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، لە کۆشکی دۆڵمەباغچەی ئیستانبوڵ، تەنها سەردانێکی ئاسایی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکوو ڕووداوێکی سیاسی و ستراتیژیی گرنگ بوو کە جێگەی سەرنجی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی گرتەوە.
ئەو پێشوازییە فەرمی و گەرم و گوڕەی کە لەلایەن سەرۆک ئەردۆغان و وەزیرە هەرە گرنگەکانی تورکیاوە بۆ کاک مەسرور بارزانی کرا، بە ڕوونی نیشانی دا کە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها سەرکردەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو وەک کەسایەتییەکی کاریگەر و هاوبەشێکی متمانەپێکراو لە هاوکێشە سیاسی و ئاسایشییەکانی ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.
ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە، بەرگری، وزە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەیەکی ئاشکرایە بۆ گرنگیی ئەو گفتوگۆ و ڕێز و پێگەی سیاسیی کاک مەسرور بارزانی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە.
چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە کاک مەسرور بارزانی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی بە دیپلۆماسییەکی ئارام، متمانەپێکراو و پڕ لە وریایی، پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەهێز بکات.
هەروەها، توانای ئەو لە دروستکردنی هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان، وای کردووە هەرێمی کوردستان ببێتە لایەنێکی گرنگ لە چارەسەری زۆرێک لە کێشە ناوچەییەکان.
لە سەردەمێکدا کە ناوچەکە ڕووبەڕووی ئالۆزییە سیاسی و ئاسایشییە گەورەکانە، ئامادەبوونی کاک مەسرور بارزانی بەو شێوەیە لە ناوەندی بڕیارسازیی تورکیا، نیشانەی ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان لە ژێر ڕێبەریی ئەودا بووەتە هێزێکی هاوسەنگکار و فاکتەرێکی سەرەکی بۆ ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە.
گرنگیی ئەم سەردانە تەنها لە ڕووی سیاسییەوە نەبوو، بەڵکوو لە ڕووی ئابووری و ستراتیژییشەوە مانایەکی گەورەی هەبوو؛ چونکە تورکیا بە یەکێک لە گرنگترین هاوبەشە ئابووری و بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. بۆیە، ئەم گفتوگۆیانە دەرگای قۆناغێکی نوێی هاوکاری و هاوئاهەنگیی دوولایەنە دەکاتەوە.
هەروەها، جەختکردنەوەی سەرۆکی کۆماری تورکیا لەسەر ڕۆڵی جەنابی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی گرنگی ئاشتی و سەقامگیری، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە خانه واده ی بارزانی و بە تایبەتی کاک مەسرور بارزانی، لە ئێستادا یەکێکن لەو ناوانەی کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئاراستەی ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە هەیە.
بە گشتی، ئەم سەردانە دەرخەری ئەوە بوو کە کاک مەسرور بارزانی بە هێمنی، ئەزموون، هەیبەت و دیپلۆماسییەکی پێگەدار، توانیویەتی دەنگ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچە و جیهاندا زیاتر بەهێز بکات و ببێتە کەسایەتییەکی گرنگ لە هاوکێشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا




























































