“هەندێك تاقمی نێوخۆیی هەوڵ دەدەن ئاسایش و ئارامی پایتەخت تێك بدەن”
زاری كرمانجی – سۆران :
بۆ قسەكردن لە سەر دابنین كردنی ئارامی و ئاسایش بۆ وڵات و گرنگی ئەو بابەتە لەناو كۆمەڵگە، مامۆستایەكی زانكۆ بۆچوونەكانی لەو بارەیەوە دەخاتەروو.
فەتحی شێروانی، مامۆستای زانكۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ زاری كرمانجی دەڵێت “پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان و دابینكردنی ئاسایش و ئارامی كۆمەڵگە، بابەتێكە گرنگییەكی زۆری هەیە و بە یەكێك لە ئەركە هەرە گرنگەكانی دەوڵەت و یەكێك لە ئامانجەكانی یاساكان لەتەك بەرقەرار كردنی دادپەروەری دادەنرێت، ئاسایش ئەوەندە گرنگە كە هەندێك یاساناس پێیان وایە گرنگترە لە بەرقەرار كردنی دادپەروەری”.
ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەشڵێت “حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم ڕووەوە شوێن پەنجەی دیارە و شانازی بە دابینكردنی ئاسایش و ئارامی هەرێمی كوردستان بە گشتی و هەولێری پایتەخت بە تایبەت دەكات، چونكە لە هەموو دەوڵەتاندا ئەگەر پایتەخت ئارام بوو و ئاسایشی تێدا بەرپا بوو، واتای ئەوەیە ئاسایش و ئارامی هەیە و پێگەی هەرێم بەهێز دەكات.”
فەتحی شێروانی گووتیشی ” هەندێك تاقمی نێوخۆیی هەوڵی ئەوە دەدەن ئاسایش و ئارامی هەولێری پایتەخت تێك بدەن و پێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لاواز بكەن، بەڵام هەر چییەك بكەن ئەو بابەتە بە لای سەرۆكی حكومەت رێزدار مەسرور بارزانی هێلی سوورە و لە هیچ كەس و تاقم و لایەنێك قبوڵناكرێت دەست بۆ ئەم بابەتە ببات و چاوپۆشی لە تیرۆر و گەندەڵی و مافیاگەرایی هیچ كەس و لایەنێك ناكرێ لە هەر پلە و پۆست و پێگەیەكی حكومی یان حزبیدا بێت و هەر لایەنێكی ناوخۆیی یان دەرەكی لە پشت بێت”.