زاری كرمانجی-سۆران:
نووسەرو رۆشنبیرێكی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت، پەلاماردان و هەڵكووتانە سەر فەرمانگەی تاپۆی چەمچەماڵ، ئەو پەڕی بێڕێزی كردنە بە دیموكراسی و پیرۆزیەكانی حكوومەتی هەرێم.
محەمەد فریا، نووسەر و رۆشنبیر لەسنووری ئیدارەی سۆران بۆ زاری كرمانجی دەڵێت:” پەلاماردان و هەڵكوتانە سەر فەرمانگەی تاپۆی چەمچەماڵ بە فەرمانی كەسی دووەم لە دەسەڵات و لە ناو حكوومەتی هەرێمدا، ئەو پەڕی بێڕێزی كردنە بە دیموكراسی و پیرۆزیەكانی حكوومەتی هەرێم، دەرخەری ئەوەیە كە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان خودی جێگری سەرۆكی حكوومەت كە قوباد تاڵەبانییە، هەر شتێك كە لە بەرژەوەندی ئەوان نەبێت یان بۆ ئەوان سوودی نەبێت رێزی لێناگرن، هەڵكوتانە سەر ئەم فەرمانگەیە كە موڵكداری ئەو زەویانەیە كارگەیەكی كۆمپانیای غازی لەسەرە، بۆ شێواندن و بەلاڕێدابردنی ئەو بەڵگەنامانەیە”.
ئاماژەی بەوەشدا: ” ئەو بەرپرسە بێخەبەر لەوەی كە ئەم بەڵگەنامانە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاپۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و تاپۆی بەغداوە تۆمار كراون، لە هەمووشی گرنگتر بێ هەڵوێستی ئەو لەشكرە رۆژنامەنووسە نا رۆشنبیرانەیە كە لە زۆنی سەوز لەسەر باران بارین و لافاوی هەولێر یان لەسەر پێكدادانی دوو ئۆتۆمبێڵ پەلاماری حكوومەتی هەرێم و پارتی دەدەن، كەچی بەرامبەر بەم بێڕێزیە بێدەنگن”.
محەمەد فریا، دەشڵێت:” ئەو كەسانەی بەرامبەر بەم پێشەلكارییە بێدەنگن، دەرخەری ئەوەیە كە ئەوانیش بەشدارن لەو تاوان و پێشەلكاریانەی لە لایەن بەرپرسانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەنجام دەدرێن، بەتایبەتیش ئەو كارە ناڕوایانەی لە لایەن قوباد تاڵەبانی و باڤێڵ تاڵەبانی ئەكرێن، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ خەڵكی روون بوویەوە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و خودی قوباد تاڵەبانی بڕوایان بە حكوومەتی یەكگرتوو دیموكراسی نییە”.
ئەوەشی خستەڕوو: ” ئەگەر قوباد تاڵەبانی تێبینیەكی لەسەر بەڕێوەبەرایەتی تاپۆ هەبووایە یان ئەو بەڵگەنامانەی كە لەوێ بوونیان هەبوو، دەیتوانی خۆی كە جێگری سەرۆكی حكوومەتە بە نووسراوی فەرمی داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان بكات ، لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەن، نەك هەڵكوتانە سەرو تاڵان كردنیان”.