رابوون مەعرووف پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و ئەندامێكی كارای ئۆپۆزسیۆن، لە نووسینێكدا ڕەخنەی توند ئاراستەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان دەكات.
رابوون دەنووسێت، لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی پێشتری یەكێتی، لە لووتكەی هێزیدا بووە و تەنیا چەند ڕۆژێك بووە هێزە چەكدارەكانی یەكێتی لە شارەزوور گەنجانی خۆپێشاندەریان شەهید و بریندار كردبوو، كەچی فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن بێباكانە و بەبێ گوێدانە ئەو تراجیدیایە، ڕایان كردووە بۆ قبووڵكردنی داوەتێكی لاهوور شێخ جەنگی لە بەغدا.
ئەو دووپات دەكاتەوە كە ئەوكاتە بە تەنیا بڕیاری بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیەی داوە، چونكە پێی نەنگی بووە خوێنی گەنجان فەرامۆش بكات، بەڵام لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆن كە هەمیشە بانگەشەی بێلایەنییان دەكرد، سەلماندیان كە تەنیا لەگەڵ پارتی ناتەبان و لە ئاست یەكێتی دەستەمۆن و بوونەتە بەشێك لە ململانێكان.
ڕابوون مەعرووف وەك ئاماژەیەك بۆ بێهوابوونی لەو هێزانە دەڵێت، ئەوكات چوومە باخچەكەی هۆتێل ڕەشید و تا خوا حەزی كرد، خەفەتم خوارد و حەسرەتم هەڵكێشا.
بەڕای چاودێران ئۆپۆزسیۆنی كوردیی هەمیشە كێشەیان لەگەڵ پارتی بووە و زۆرتر نزیك بوون لە یەكێتییەوە، لە كاتێكدا یەكێتی هەمیشە بەشێكی سەرەكی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بووە.


































































