ئەمڕۆ پێنجشەممە ٧ی ئایاری ٢٠٢٦، کاتژمێر نۆی بەیانی دادگای ڕەسافە لە بەغدا دانیشتنی کۆتایی بۆ دادگاییکردنی عەجاج حەردان ئەحمەد تکریتی بەڕێوەدەچێت کە بە جەلادەکەی بەندیخانەی نوگرەسەلمان ناسراوە.
چاوەڕوان دەکرێت دادوەر بڕیاری بنبڕ لەسەر دۆسیەکە بدات بەتایبەت کە تۆمەتبار لە قۆناغەکانی پێشوودا دانی بەو تاوانە قێزەونانەدا ناوە کە دەرهەق بە هاووڵاتیانی کورد و زیندانیانی ئەنفال لە ناوچە بیابانییەکانی سەماوە ئەنجامی داون.
لە کاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکەدا زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی ناوچەکانی گەرمیان و سلێمانی و هەولێر و خورماتوو لەبەردەم و ناو هۆڵی دادگا ئامادەن، تاوەکو لە نزیکەوە شاهیدی سزادانی ئەو فەرماندە سەربازییەی ڕژێمی پێشوو بن.
هاوکات، لە ئێستادا تەنها دادگای عەجاج دەکرێت نەک ئەو لایەن و کەسانەی دیکەی کە لە تاوانەکانی دژی کورد تێوەگلاون، ڕێگە بە میدیاکان نەدراوە کە ڕووماڵی دانیشتنی دادگایەکە بکەن بەڵام ڕۆژنامەنووسان دەتوانن ئامادەی دانیشتنەکەبن.
عەجاج تکریتی کە ساڵی ڕابردوو دوای ئۆپراسیۆنێکی هەواڵگری لە پارێزگای سەڵاحەددین دەستگیرکرا یەکێک بووە لە دیارترین تاوانبارە هەڵاتووەکانی ڕژێمی بەعس.
ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردانە، یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرە سەلمان لە پارێزگای سەماوە و یەکێکە لە تێوەگلاوانی پرۆسەی ئەنفال.
عەجاج، دوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ لە کەرکووکەوە ڕووی لە سووریا کردووە و لە ناوچەی جەرەمانە لە نزیک دیمەشق نیشتەجێ بووە، دوای ٣٧ ساڵ لە تاوانەکانی جینۆسایدکردن و ئەنفالکردنی کورد ئەمڕۆ دادگای دەکرێت.


































































