بەپێی راپۆرتێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ، ئاماژە بەوە كراوە لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا چەند پڕۆژەیەکی ستراتیجیی گرنگی ئاو جێبەجێ کراون و چەند پڕۆژەیەکی دیکەش کە پێشووتر بەهۆی قەیرانی دارایی کارکردن تیایاندا وەستابوو، دەستیان پێکردووتەوە و ژمارەیەک پڕۆژەش بڕیاری جێبەجێکردنیان بۆ دەرچووە.
ئەوە خراوەتە ڕوو كە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، گەورەترین و کاریگەرترین پڕۆژەی ئاوە کە ڕۆژانە دەتوانێت 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک دابین بکات، ئەم پڕۆژەیە لەم کابینەیە بڕیاری ئەنجامدانی دەرچوو و هەر لەم کابینەیەش لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵ، بە تەواوی جێبەجێ کرا، ئەم پڕۆژەیە کێشەی کەمئاویی لە 100%ـی ناوچەکانی هەولێر چارەسەر کرد و بەهاوبەشی لەگەڵ پڕۆژەکانی دیکەی ئاوی ئیفراز، ئێستا هەولێر خاوەنی ئاوی 24 کاتژمێرییە و تاکوو 30 ساڵی دیکە کێشەی کەمئاوی لە شاری هەولێر سەر هەڵناداتەوە و بە تەواوی چارەسەر کراوە.
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەم کە کێشەی کەمئاویی لە سنووری شارۆچکەی قوشتەپە و دەورووبەری هەولێر بە تەواوی بنبڕ کرد و رۆژانە 72 هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک دابین دەکات، کە زۆرترین دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لەم ناوچانە تۆمار کرابوون.
باسی ئەوەش كراوە كە لە ڕێگەی دابینکردنی بودجەی پێویست، ئێستا پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە، نزیکەی 31%ـی کارەکانی ئەنجامدراوە و کارکردن تیایدا بەردەوامە و بە تەواوبوونی، کێشەی کەمی ئاو لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ بۆ دەیان ساڵ چارەسەر دەکات.
ئەوەش هاتووە لە ئاکرێ پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ 65%ـی تەواوبووە و هاوکات کارکردن لە پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان دەستی پێ کردووەتەوە و پڕۆژەی وێستگەی پاڵاوتنی ئاو و ڕاکێشانی بۆڕییش بۆ 51 گوندی سنووری بارزان جێبەجێ کراوە و 98%ـی تەواوبووە.
پڕۆژەکانی داهاتووی ئاو
فەرمانگەی میدیا و زانیاری جەخت دەكاتەوە سەرەڕای ئەو پڕۆژانەی کە لەم کابینەیە تەواو کراون، یان کارکردن تیاندا دەستی پێکردووەتەوە، هاوکات هەر لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەریمی کوردستان، بڕیاری ئەنجامدانی ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژیی ئاو دراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەست بەجێبەجێکردنیان دەکرێت، ئەوانیش بریتین لە:
پڕۆژەی ڕاکێشانی هێڵی سێیەمی بۆری ئاوی دووکان – سلێمانی (دەستبەکاربووە) پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش (دەستبەکاربووە) پڕۆژەی ئاوی ڕیسایکلینی ئاوی قورس لە هەولێر (دەستبەکاربووە) پڕۆژەی ئاوی کۆیە پڕۆژەی ئاوی سۆران، پڕۆژەی ئاوی کەلار.
کوژاندنەوەی بیری ئاو
بەپێی وردەكاریی راپۆرتەكە بە هۆی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییانە، نزیکەی 900 بیری ئاو لە شاری هەولێر و لەسنووری قوشتەپەش 109 بیری ئاو کوژێنراونەتەوە، ئەمانە هۆکارێکی زۆر کاریگەر دەبن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لەو ناوچانە، چونکە لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی وشکەساڵی، بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئاستی ئاوی ژێرزەوی لەم سنوورانە دابەزیبوون.
بەکارهێنانی ئاو لەلایەن هاووڵاتییان
سەبارەت بە بەکارهێنانی ئاو لە هەرێمی کوردستان لەلایەن هاووڵاتییانەوە، بەگوێرەی ڕووپێوییەکان، هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستیی بە 181 لیتر ئاوی پاک هەیە، لەگەڵ ئەوەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە پێویستی هاووڵاتییان ئاو دابین دەکات و ڕۆژانە بەشێوەیەکی تێکڕا 350 لیتر ئاوی پاک بۆ هەر هاووڵاتییەک دابین دەکات سەرانسەری هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەمەش هێشتا بەفیڕۆدانی ئاوی پاك بە ڕێژەیەکی زۆر هەیە، ئەگەر بەراوردێک بکەین بە وڵاتانی ناوچەکە، تاکی هەرێمی کوردستان لە زۆر وڵاتی ناوچەکە زیاتر ئاوی پاک بەکار دەهێنێت بەڵام لەگەڵ ئەوەش حکوومەت زیاتر لە خواستی هاووڵاتییان ئاوی پاک دابین دەکات.


































































