وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق
لەسەر بە یاساییکردنی ئیمتیازات و مافەکانی هێزی پێشمەرگە وەک بەشێکی دانەبڕاوی سیستمی بەرگری عێراق ڕێککەوت.
لە کۆبوونەوەیەکدا لە شاری هەولێر، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ شێروان دووبەردانی و چیمەن بارزانی، ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، تاوتوێی پڕۆژەیاساکانی خزمەتگوزاری و ئەو ئیمتیازاتانەیان کرد کە بە هێزە چەکدارەکانی عێراق دەدرێن.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێشمەرگە دەبێت هاوشانی هێزەکانی دیکەی عێراق لەو پڕۆژەیاسا نوێیانە سوودمەند بێت. هەردوولا هاوڕابوون کە هەماهەنگی یاسایی پێویستە بۆ ئەوەی مافە دارایی و کارگێڕییەکانی پێشمەرگە بە فەرمی لە عێراقدا ڕەنگ بداتەوە.


































































